Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئێران هێزەکانی لە سنوور کشاندووەتەوە..جموجووڵی بارزگانی باشتر بووە

حاجی ئۆمەران-KDP.info- بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران ئاشکرای كرد، پاش كۆتاییهاتنی مانۆڕی سەربازیی ئێران لە سنووری خۆیان هیچ هێزێكی ئێرانی لەسەر سنوور نەماوە و هەموویان پاشەكشەیان كردووە، هەروەها جموجووڵی گەشتیاری و بازرگانیش لە سنووری حاجی ئۆمەران زۆر لە جاران باشتر و قەڵەباڵغترە.

دوای ئاشکرابوونی ئەنجامی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان، کە زیاتر لە ٩٢% خەڵکی کوردستان دەنگی بە سەربەخۆییی کوردستان دا، ئێران و حەشدی شەعبی مانۆڕێکی سەربازییان لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان لە دیوی ئێرانەوە دەست پێ کرد، بەڵام ئیستا ئێران پاشەکشەی بە هێزەکانی کردووە و لەسەر سنوور نەماون.

(فەرزنك ئەحمەد)، بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''پاش كۆتاییهاتنی مانۆڕی سەربازیی ئێران لە سنووری خۆیان، هەموو ئەو هێزانەی لەسەر سنوور بوون، پاشەكشەیان كردووە و گەڕاونەتەوە شوێنەكانی خۆیان و هیچ هێزێكیان لەسەر سنوور، دیار نییە ڕەوشی ناوچە سنوورییەكانیش بە شێوەیەكی گشتی ئارامە و هیچ كێشەیەك لە ناوچەكەدا نییە.''

بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران ڕوونیشی كردەوە: ''لە سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران تەنیا هەناردەكردنی سووتەمەنی، هەندێك كێشەی هەیە، لە هەوڵداین كە ئەوەش چارە بكەن و وەكو جاران و بگرە باشتریش هاوردە بكرێتەوە، ئەگەرنا جگە لە سووتەمەنی، جموجووڵی بازرگانی و گەشتیاری لە جاران زۆر باشترە و، ڕۆژانە بەردەوام گەشتیاران دێن و دەچن.''

(فەرزنك ئەحمەد) دەشڵێت: ''ئەو سزایانەی عێراق بەسەر خەڵكی كوردستانیدا سەپاندوون، كاتین و لە ماوەیەكی نزیكدا كۆتایییان پێ دێت و خەڵك دڵنیا دەكەینەوە ڕەوشەكە زۆر لە جاران خۆشتر و باشتر دەبێت.''

ڕابین شێروانی