Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"شەممەی دابێ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە سلێمانی کۆ دەبنەوە"

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاشکرای كرد، ڕۆژی شەممە لە سلێمانی هەر پێنج فراكسیۆنەکە كۆ دەبنەوە، كۆبوونەوەكە بۆ لێكۆڵینەوەیە لەو بارودۆخە، بۆ وەرگرتنی هەڵوێستێكی هاوبەش لە بەغدا، جا هەر هەڵوێستێك بێت،  بە گەڕانەوە بێت، یان بایكۆتكردن.

پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند، ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان نادەستوورییە، بۆیە ئەوان دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمن، لەگەڵ ئەوەش بڕیاری لادانی پارێزگاری كەركووكی دا، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی كە فراكسیۆنە كوردستانییەكان بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمان بكەن، دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش، پەرلەمانی عێراق 13 بڕیاری دژی هەرێمی كوردستان دا، ئەو ڕیفراندۆمەی كە كوردستانی نزیك كردووەتەوە لە سەربەخۆیی.

(موسەننا ئەمین)، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ بە تەلەفۆن هەموو فراكسیۆنەكان پێكەوە قسەمان كردووە، ڕۆژی شەممە لە سلێمانی كۆ دەبینەوە، بە هەرپێنج فراكسیۆنەکە ئامادەكاری دەكەین و كردووشمانە بۆ كۆبوونەوەیەك، كۆبوونەوەكەش بۆ لێكۆڵینەوەیە لەو بارودۆخە، بۆ ڕێكخستنی ڕیزەكانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان، بۆ وەرگرتنی هەڵوێستێكی هاوبەش لە بەغدا، جا هەر هەڵوێستێك بێت،  بە گەڕانەوە بێت، یان بایكۆتكردن، كە لەو ڕۆژەدا بە هەموومان هەڵوێستێكی هاوبەش دەردەكەین.''

ڕابین شێروانی