Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حەشدی شەعبی مەترسییە بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە عێراقدا

شرۆڤەکارێکی سیاسی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ھەر ھەنگاوێکی سەربازی بۆ سەر کەرکووک و دەوروبەری لە لایەن ھێزەکانی بەغدا و حەشدی شەعبییەوە بەبێ زیان نابێت و دەشڵێت، حەشدی شەعبی بووەتە مەترسی بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە عێراقدا.

حەشدی شەعبی لە ٦٩ گرووپی جیا جیا پێک ھاتوون و بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی، چەکدارانی حەشدی شەعبی دەستیان لە نانەوەی کارەساتی مرۆیی و ئەنجامدانی تاوانی جەنگدا هەیە، بەتایبەت لە ناوچە سوننە مەزھەبەکان. (موئەیەد تەییب)، شرۆڤەکاری سیاسی  بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''حەشدی شەعبی لە ژمارەیەک گرووپی جیاواز پێک ھاتوون، کە پابەندی ھیچ یاسا و بڕیارێکی حکوومەتی بەغدا نین و بێ مەرجەعن، کە لە ژمارەیەک گەنجی بێکار پێک ھاتوون، بە ھەموو پێوەرەکان ھێزێکی بێ دیسیپلینی نانیزامیین.''

ناوبراو پێی وایە: ''دەبوو ئەو گەنجە بێکارانەی بوونەتە چەکدار لە چوارچێوەی گرووپەکانی حەشددا، لە ڕیزەکانی سوپا ڕێک بخرێن، کە وەک ئێستا نەدەبوونە مەترسی بۆ سەر ھەموو پێکھاتەکانی عێراق و بۆ سەر پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی.''

ساڵی ٢٠١٤ کاتی ھێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە کەرکووک و نەینەوا و دیالە، دوو فیرقەی سوپای عێراق و چەندین ھێزی دیکەی تایبەتی عێراق، نەیانتوانی بەرگری لە خۆیان بکەن و ناوچەکانیان ڕادەستی تیرۆریستان کرد، دواتر ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە خوێنی چەندین پێشمەرگە توانییان داعش بشکێنن و خەڵکی ناوچەکە بپارێزن. ئەو شرۆڤەکارە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ''حەشدی شەعبی  لەگەڵ شەڕی گرتنەوەی مووسڵ و شارۆچکەی حەویجە، ھێزێکی زۆری ھێناوەتە نزیک ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بێگومان ھێنانی ئەو ھێزانە بۆ سەر کوردستان و داھاتووی ئەو ناوچانە بێمەترسی نییە.''

چاودێرانی سیاسی دەڵێن، لە ڕووی یاساییەوە ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، پێویستە بە پڕۆسەیەکی دیموکراتیدا بڕۆن و خەڵکی ناوچەکە بڕیار لەبارەی داھاتووی خۆیانەوە بدەن، ئەگەریش بەغدا ھێندە پەرۆشی چارەکردنی کێشەی ئەو ناوچانەیە، چەندین ساڵە بۆچی ماددەی ١٤٠ی جێبەجێ نەکردووە، ئێستایش کە خەڵکی ناوچەکە چارەنووسی خۆیان دیاری کرد و کوردستانیان هەڵبژارد دەبێ بەغدا ئەمەی قەبووڵ بێت.

(تەیب) گوتیشی: ''ھەر ھەنگاوێک بۆ نانەوەی شەڕ و ئاشووب لە ناوچە کوردستانییەکاندا بۆ عێراق، بێ زیان نابێت، لەبەر ئەوەی حەشدی شەعبی ئەو ھێزە نییە خۆی بەرامبەر بە ھێزێکی خاوەن دیسیپلینی سەربازی و ئەزموونی چەندین ساڵەی وەک هێزەکانی پێشمەرگە بگرێت، ھەرچەندە سیاسەتی ھەرێمی کوردستان ھەتا ئێستاش چارەکردنی کێشەکانە بە دانوستان و بە ھەموو شێوەیەک بژاردەی شەڕ و توندوتیژی ڕەت دەکرێتەوە، بەڵام بێگومان ئەرکی بەرگری لەخۆکردن مافی ھەموو کەس و وڵاتێکە، ئەگەر ھێزێک بیەوێ ھێرشی بکاتە سەر.''

قائید میرۆ