Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ەرواری: بەغدا توانای جێبەجێکردنی بڕیارەکانی خۆی نییە

هەولێر-KDP.info-  شرۆڤەکاری سیاسی، (عەبدولسەلام بەرواری) دەڵێت، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە قسەی (مالیکی) بڕیارەکانی لە دژی هەرێم دەرکردوون، بەڵام بەغدا توانی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی نییە.

دواین بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە دژی خەڵکی کوردستان، بریتیە لەوەی ''دەبێ تۆڕەکانی مۆبایل بخرێنە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی و بگوازرێنەوە بۆ بەغدا، دەبێ هەنگاوێ نوێی بنرێت بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی عێراق بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان، ڕێکاری یاسایی لەبەرانبەر ئەو فەرمانبەرانە دەگیرێتە بەر کە لە گشتپرسییەکە دەنگیان داوە، بەدواداچوون دەکرێت بۆ داخستنی سنوورەکان و دەبێ هەموو جۆرە مامەڵەیەکی بازرگانی و داهاتەکان بگەڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق و ڕێکار لە دژی ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی کوردستان و هێڵەکانی ئینتەرنێت بگیرێتەبەر.''

(عەبدولسەلام بەرواری) شڕۆڤەکاری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ماوەیەکە حکوومەتی عێراق بەردەوامە لە دەرکردنی جۆرە بڕیارێک، کە سێ خەسڵەتی هەیە: (١) زیادکردنی گرژی و هاندانی توندوتیژی، (٢) زۆربەیان لە توانای عێراقدا نییە، کە جیبەجێان بکات و تەنها بۆ مەرامی هەڵبژاردن و ململانێی ناوخۆی شیعەکانە، (٣) لە کۆتاییدا عێراق لە بەردەوامبوون لەسەر ئەم ڕەفتارانە زیانی پێ دەکەوێت و بە سوودی هەرێم دەبێت.

(بەرواری) دەپرسێت: ''چۆن بەغدا دەتوانێت ئەندامانی کۆمسیۆن دەستگیر بکات؟ بەغدا چ دەسەڵاتێکی بەسەر کارکردنی کۆمپانیاکانی مۆبایلدا هەیە؟ چۆن دەتوانێت ئەو ئەنتەرنێتەی بە هۆی سەتەلایتەوە وەدەگیرێت کۆنتڕۆڵ بکات؟ ئەگەر خاڵە سنوورییەکانی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی، چۆن سوودیان لێ وەردەگرێت؟ چۆن دەتوانێت ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم کۆنترۆل بکات، بەبێ شەڕ؟

(بەرواری) گوتیشی: ''هەڵوێستی بەغدا بە پێچەوانەی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەن. هەفتەی ڕابردوو ئومێد هەبوو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەو فشارانەی لەسەر عێراق داینا بۆ ئەوە بوو هەنگاوی خراپ نەنێت. ڕەنگە دوو سێ هەنگاوی وەک ڕاگرتنی گەشتی فرۆکەوانیی کوردستان بنێن، بەڵام لە کۆتاییدا پێم وایە خۆیان شەرمەزار دەبن، ڕەنگە ئەم هەڵوێستەیان لە کۆتاییدا لە سوودی هەرێم بێت و وا لە کۆمەلگای نێودەوڵەتی بکات، کە چۆن ناردنی نەوتی کوردستان بەبێ عێراق ددانی پێدا دەنرێت، ئاواش کۆمەڵێک ماف بدرێت بە خەڵکی کوردستان.''

(بەرواری) ڕایشیگەیاند: ''ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی ئاسایش زیاتر پەیوەندییان بە سیاسەتی ناوخۆیانەوە هەیە، چونکە ئەو ئەنجومەنە هی ئەو گرووپەن کە سزای خەڵکی کوردستان دەدەن، لێدوانەکانی (مالیکی) و (هومام حەموودی) دەرخەری ڕاستیی نییەتییانە، هەر ڕەنگە لەژێر فشار و کاریگەریی (مالیکی)شدا ئەو بڕیارانە درابێت.''


کارزان سەباح هەورامی