Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لێژنەی ئەمنیی پەرلەمان: بەغدا دەبێ بەرپرسیارەتیی دۆخەکە لەئەستۆ بگرێت


هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی لێژنەی ئاسایشی ئەنجومەنی خۆجێیی پەرلەمانی کوردستان باس لە هەوڵەکانی بەغدا دەکات بۆ تێکدانی ئارامیی ناوچە کوردستانییەکان و دەڵێت، بەغدا لە هەر ئەگەرێک بەرپرسیارە.

دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی کوردستان لە تویتێکدا ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق بەنیازە هێرش بکاتە سەر کوردستان،  دواتر وەزارەتی پێشمەرگە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان خەڵکی کوردستانیان لەو هەڕەشانەی بەغدا ئاگادار کردەوە، (نازم هەرکی)، جێگری سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و ئەنجومەنی خۆجێیی پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''بەداخەوە جموجووڵی حەشدی شەعبی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم جێگای نیگەرانییە و ناکرێت بەغدا بە نابەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکات، ئەو ناوچانانە سنووری هێزی پێشمەرگە و کوردستانن، ناکرێت هیچ کەسێک خۆی لەو ناوچانە تاقی بکاتەوە، ئەگەر بەغدا ڕاست دەکات، فەرموون بچن ئەنبار و حەویجە پاک بکەنەوە، ئەمنییەتی هیت و بەغدا بپارێزن، ڕێگای سەرەکیی بەغدا هەولێر بپارێزن، ئەوان ئەگەر خەمی کەرکووکیانە، ئەوە کەرکووک پێشمەرگە پارێزگاریی لێ دەکات، خۆ ئەگەر هەر هەڵەیەک بکەن، دواجار خۆیان تووشی بەرپرسیارەتیی گەورە دەبنەوە.''

(هەرکی) گوتی: ''ئەوەی عێراق لەو کات و ساتەدا بیکات، خۆی بەرپرسیار دەبێت لە ناوخۆ و لە دەرەوە و لە ڕووی نێودەوڵەتی و لە لایەن هاوپەیمانانیشەوە. چونکە ئەم ناوچانە لە ڕووی واقعەوە سەر بە کوردستانن و ڕیفراندۆم کراوە و خەڵک دەنگی داوە بۆیە لە ڕووی یاساییەوە سوپای عێراق ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە، چونکە خەڵکی دەنگی داوە بۆ سەربەخۆییی کوردستان و کوردستانیان هەڵبژاردووە، هەر شتێک لە لایەن هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە بکرێت، عێراق بەرپرسیار دەبێت، چونکە ئەم خەڵکانە کوردستانیان هەڵبژاردووە.''


(نازم هەرکی) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''لە دانیشتنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا پرسی هەڕەشەکانی بەغدا دەخرێنە ڕوو و پێشمەرگەش لە شوێن و جێگای خۆیەتی و هیچ جووڵەیەک بە ئاراستەی خراپ ناکرێت و پارێزگاری لە خۆمان دەکەین.''

کارزان سەباح هەورامی