Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلی ھالۆ: ئەنجوومەنی باڵای نەوت و غاز لەبارەی نەوتی ماڵان کۆدەبێتەوە

 
ھەولێر-KDP.info-  بڕیارە ئەنجوومەنی باڵای نەوت و غاز لە ھەرێمی کوردستان سەبارەت دابینکردنی نەوتی سپی بۆ ھاووڵاتیان کۆببێتەوە و ئەندامێکی لیژنەی سامانە سرۆشتیەکانی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێ، ئەگەر حکوومەت نەوت بۆھاوڵاتیان دابین نەکات رێگەی دیکە دەگرنە بەر.
 
(عەلی ھالۆ) ئەندامی لیژنەی سامانە سرۆشتیەکان له‌پەرلەمانی کوردستان، بۆماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "داواکاری ھاووڵاتیان بۆ دابینکردنی نەوتی ماڵانمان گەیاندووتە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی حکوومەت بۆ وەرزی زستانی ئەمساڵ نەوتی پێویست بۆ ھاووڵاتیان دابین بکات، بڕیاریشە ئەنجوومەنی باڵای نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان کەلە سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەی و چەند وەزیرێک پێکھاتووە کۆببنەوە و چارەسەرێک بۆ دابینکردنی نەوت ببینەوە كه‌ ئەوە ئەرکی حکوومەت نەوت بۆ ھاووڵاتیانی خۆی دابین بکات."
 
بەھۆی دابەشنەکردنی نەوتی سپی، شەپۆلێکی بڕینی دار لە ناوچە کوردستانیەکانی ھەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و ھاووڵاتیانیش ده‌ڵێن، "لەبەر گرانی نرخی نەوت لەبازاڕدا بەناچاری پەنا بۆ رێگەی بڕینەوەی دار دەبەن. (ھالۆ) گوتیشی، "ئەگەر بێت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەنگاو بەرەو دابینکردنی نەوتی ماڵان نەنێت ئەوە پەرلەمان ناچارە رێکاری دیکە دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی فشاربخاتە سەر حکوومەت  نەوت بۆ ھاووڵاتیان دابین بکات."
 
بەھۆی قەیرانی دارایی ماوەی دووساڵە پڕۆسەی دابەشکردنی نەوت لە ھەرێمی کوردستان وەستاوە و حکوومەت ئیدارەی پارێزگاکانی راسپاردووە نەوت بۆ ھاووڵاتیان دابین بکەن، بەڵام بەھۆی نەبوونی سەرچاوە و داھاتی پێویست ئیدارەی پارێزگاکان لەتوانایاندا نیە بڕی نەوتی پێویست بۆ ھاووڵاتیان دابین بکەن.
 
 
قائید میرۆ