Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: دۆستی دوێنێ نابێتە دوژمنی ئەمڕۆ

هەولێر-KDP.info- سەبارەت بە دیپلۆماسییەتی ئێران و تورکیا دەرهەق بە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییی کوردستان، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو هەنگاوە دیپلۆماسییانە بە ئاسایی دەبینن و لە سیاسەتی ئێران و تورکیا تێدەگەن. پێیشی وایە دۆستی دوێنێ نابێتە دوژمنی ئەمڕۆ.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ سایتی (بی.بی.سی. تورکی)، (سەفین دزەیی) گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆی نێوان ئەو دوو وڵاتەی بە ئاسایی دانا و گوتی: ''ئێمە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی ئەوە ناکەین کە ناکۆکی و شەڕ لە نێوانماندا دروست ببێت.''

سەبارەت بە لێدوانێکی پێشتری سەرۆکی تورکیا لەسەر ئەگەری دەستوەردانی سەربازی لە هەرێمی کوردستان، (سەفین دزەیی) گوتی: ''هەرچەند شەڕی داعش بەردەوامە، ئێمە سنوورەکانمان دەپارێزین، بەڵام بە هۆی بوونی ٣٥٠ کیلۆمەتر سنووری هاوبەش لەگەڵ تورکیا، ناکرێت هەر دە مەتر سەربازێک دابنرێت، بۆیە دەخوازین ئێمە و دراوسێکانمان ناچار نەبین شەڕی یەکتر بکەین.''

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە باکووری کوردستان گوتی: ''پرسی کورد لە تورکیا جیاوازە لە پرسی پەکەکە لەو وڵاتە.'' هەروەها گوتی: ''لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیادا هاوکاری و هەماهەنگیی زۆر هەیە، بەتایبەت لە بوارەکانی وزە، ئاسایش، ئابووری و سیاسیدا.''

لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری بی.بی.سی تورکی لەسەر هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی ئەنجامی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان، (سەفین دزەیی) گوتی: ''لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ شاندە ئەمریکی و ئەوروپییەکان قسەمان کردووە و داوامان لێ کردوون ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕن لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدادا و دەکرێت ئێستا لەسەر پرسی کۆنفیدڕاڵی گفتوگۆ بکەین، بەڵام ئەنجامی ڕیفراندۆم بڕیاری خەڵکی کوردستانە و دەرچوون لە بڕیاری خەڵک زەحمەتە.''

هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەربارەی پرسی سەربەخۆیی، تەوەرێکی دیکەی لێدوانەکەی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو، لەو بارەیەوە (سەفین دزەیی) ئاماژەی بەوە کرد: ''سێ مانگ بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ئەمریکا، یوئێن و وڵاتانی ئەوروپامان ئاگادار کردبووەوە، بەڵام ئەو وڵاتانە بێدەنگ بوون تا یەک مانگ بەر لە ڕیفراندۆم و دواتر ڕایانگەیاند، کە کاتەکەی نەگونجاوە، لەگەڵ ئەوەشدا وەڵامی ئێمەیان نەدایەوە کە کەی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەبار و گونجاوە. ئێمە پێشتر کارمان بۆ عێراقێکی دیموکرات و فیدڕاڵ کردبوو، بەڵام کوا عێراقی دیموکرات و فیدڕاڵ؟ لە ٢٠٠٣ بەدواوە ئەمریکا ٤٦٠٠ سەربازی خۆی لە عێراق بزر کرد و بە سەدان ملیار دۆلاری خەرج کرد، ئەنجامی ئەو کارانە چی بوو؟ بۆیە دەبێ ئێمە بە شێوەیەکی واقعیانە بیر بکەینەوە.''

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە پەیوەندیی لەمێژینەی کورد و ڕووسیا کرد کە بۆ سەردەمی یەکێتیی سۆڤییەتی پێشوو دەگەڕێتەوە و گوتی: ''تا ئێستاش خەڵکێکی زۆری کورد لەو وڵاتە دەژین.''

سەبارەت بە کۆمپانیای ڕۆسنەفتی ڕووسیش، (سەفین دزەیی) گوتی: ''کاری کۆمپانیای ڕۆسنەفت لە کوردستان بۆ ڕاکێشانی بۆڕیی گاز، کە ڕێککەوتنەکەی لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای ناوبراودا واژۆ کرا، پەیامێکی بازرگانییە بۆ ڕەوانەکردنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان لە ڕێی تورکیاوە، پێویستە ئەو پرسە بە سیاسی نەکرێت و وەک کارێکی بازرگانی سەیر بکرێت.''

دەربارەی هەڵوێستی مۆسکۆ لەسەر ڕیفراندۆمی کوردستانیش گوتی: ''ڕووسیا کورد و پرسی کورد باش دەزانێت و ئاگاداری هەستیاریی ئەو پرسەیە، بۆیە هەڵوێستێکی بێدەنگی نیشان داوە.''