کەریم قادر
مه‌رجه‌كانی حه‌یده‌ر عه‌بادی، كه له دواكۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیدا باسی کرد و خۆیان له(یەکپارچەییی عێراق و دەستوور و رەتکردنەوەی ڕیفراندۆم) ده‌بینێته‌وه، پێچه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌ی ئاشتیانه‌ی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستانه، كه ده‌خوازێت به‌غدا به چێكردنی مێزی گفتوگۆی كراوه رێز له ویستی گه‌لی كوردستان بگرێت. به واتای دروست ئه‌و مه‌رجانه به ئاراسته‌ی چاره‌كردنی دۆخه‌كه پێچه‌وانه‌ی هه‌وڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه، كه بۆ هێوركردنه‌وه و كۆنترۆڵكردنی گرژییه‌كان له‌ئارادان.
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی عه‌بادی له خستنه‌ڕووی ئه‌و مه‌رجانه گه‌مه‌كردنه له‌گه‌ڵ هه‌ستی ئه‌وانه‌ی به‌غدا، كه له‌مێژه ئیعلانی شه‌ڕیان به‌سه‌ر پێشكه‌وتنه‌كانی كوردستاندا كردووه، له‌م گه‌مه‌یه‌دا زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م شه‌خسی عه‌بادی ده‌بێت، چونكه خستنه‌ڕوو و جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م مه‌رجه ته‌عجیزییانه راسته‌وخۆ ئاو له كۆڵی ئاشی نه‌یاره‌كانی ده‌كات، چونكه ده‌رگایان له‌به‌رده‌م كراوه ده‌كات بۆئه‌وه‌ی دواجار ویسته شه‌یتانییه‌كانی خۆیان به‌سه‌ریدا بسه‌پێنن. بۆیه پێویسته واز له‌و شێوازه‌ی موخاته‌به‌كردن بهێنێ، كه ئه‌گه‌ر ئه‌و به هه‌ڕه‌شه‌شیان نه‌زانێت، به‌ڵام ئه‌و بۆنه‌یان لێدێت، نه‌مازه كاتێك باس له دۆخی ناوچه كوردستانییه‌كان ده‌كات. جا بۆئه‌وه‌ی تێكشكاندنی داعش به سوودی خۆی به‌كار بهێنێ و خۆی بكاته ره‌مزی ئاشتی و سه‌قامگیری، پێویسته بوێرییه‌ك به‌خۆی بدات و پڕ به ده‌نگی داوا بكات، كه له‌سه‌ر هه‌مووان پێویسته رێز له ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان بگرێت، به‌تایبه‌تی هاودژی په‌یماننامه و رێككه‌وتنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان نییه. به‌دیهاتنی ئه‌مه‌ش پێویستی به گفتوگۆیه‌كی هێمنانه هه‌یه نه‌ك دانانی مه‌رجگه‌لێك، كه پێشتر له‌لایه‌ن كوردستان ره‌تكراوه‌ن. هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییش له‌گه‌ڵ په‌ڕگرتنی دۆخه‌كه‌دا نییه. ئاخر به ره‌تكردنه‌وه‌ی جیاوازی و ویسته‌كان دۆخه‌كه چاره نابێت، به‌ڵكو ژیله‌مۆی ناكۆكییه‌كان گه‌شتر ده‌بن، له‌وه‌شدا ته‌نها فیتنه‌چییه‌كان و سه‌رقافڵه‌ی ئاژاوه‌گێڕان قازانج ده‌كه‌ن، كه ئه‌وه‌ش دواجار به دژی ئه‌و ته‌واو ده‌بێت.
هاوشێوه‌ی مه‌رجه ره‌تكراوه‌كان، عەبادی داوا لە هێزەکانی پێشمەرگە ده‌كات، خۆیان لە پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی حکوومەتی فیدراڵی لە ناوچە جێناکۆکەکان (ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان) بە دوور بگرن. ئه‌م داوایه‌شی دوو راستی تێدایه، یه‌كه‌م تێنه‌گه‌یشتنه له‌و رێژه به‌رزه‌ی به‌شداری خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه له ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی. دووه‌م، ئه‌و نیازه‌ی ده‌رده‌خات، كه ده‌یه‌وێ به زه‌بری هێز سوپای عێراق بگه‌ڕێنێته‌وه ئه‌و ناوچانه، كه پێشمه‌ركه به خوێن رزگاری كردوون و پارێزگاری لێكردوون. ئه‌مه‌ش دیسان له قازانجی فیتنه‌چییه‌كانه، كه ده‌یانه‌وێ به دزینی سه‌ركه‌وتنه‌كانی عه‌بادی شكسته‌كانی خۆیان له‌شه‌ڕی داعش بشارنه‌وه، بۆیه لۆژیك ئه‌وه‌یه، وه‌ك رێگه‌یه‌ك بۆ خۆكردنی به ره‌مزی ئاشتی، له‌بری ئه‌و داوایه، پێویست بوو وه‌ڵامی نه‌یاره‌كانی به‌وه بدایه‌ته‌وه، كه به‌خوێن و هه‌ماهه‌نگی نێوان پێشمه‌رگه و سوپا داعش تێك‌شكێنرا، بۆیه هه‌رگیز ئه‌و پێكدانانه روو نادات، كه هه‌ندێ له شكستخواردووه‌كان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، نه‌ك داوا له پێشمه‌رگه بكات خۆیان له پێكدادانی سوپای عێراق به‌دوور بگرن.
له كورترین وه‌ڵامی ئه‌م داوایەدا، پێویسته عه‌بادی ئه‌و راستییانه‌ی له‌به‌رچاو بێت، له‌لایه‌ك دۆخی سوپای عێراق له بارێكدا نییه بتوانێ شه‌ڕی پێشمه‌رگه بكات، له‌لایه‌كی دیكه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ڕێ به‌وه نادات، چونكه هه‌م ئاسایش و سه‌قامگیریی كوردستان جێی بایه‌خی هاوپه‌یمانی جیهانییه، هه‌م ده‌رگا بۆ ده‌ستتێوه‌ردانی زیاتری ده‌ره‌كی ده‌كاته‌وه.