Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

چارەنووسى ڕێساکانى پەیوەندی لە نێوان بارزانى و تاڵەبانیدا

د.چواس حەسەن
لەوانەیە لە مێژووى هاوچەرخماندا، هیچ پەیوەندییەکى نێوان سیاسەتمەدارەکان هێندەى پەیوەندىی نێوان هەریەک لە سەرۆک بارزانى و سەرۆک تاڵەبانى سەرنجڕاکێش و جێگاى هەڵوێستە و تێڕامان نەبێت.
پەیوەندییەک نزیکەى مێژووى پتر لە پەنجا ساڵى بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى کوردستانى باشوور پێک‌دێنێت، بە گەلێک هەوراز و نشێودا تێدەپەڕێت، لەنێوان توندوتیژى و دۆستایەتیدا خۆى نواندووە، لەنێوان داکۆکى و پشت لە یەکتریکردندا یارى کردووە.
پەیوەندییەک چەند کەسەکان وەک تاک رۆڵیان تێدا بینیوە و وا خۆى نواندووە کە بەرهەمى بیر و بڕیارى تایبەتى خۆیانە، لە هەمان کاتدا هۆکار و فاکتەرە مەوزوعییەکان رۆڵیان لە ئاست و شێواز و سنوورەکەیدا بینیوە، تا ئەوەى هەندێک جار، لەبارە ناکۆکەکەیدا بەتایبەتى، پێچەوانەى ویستى خودی خۆیشیان بووە.
پەیوەندییەک دەکرێت مێژووى نەتەوەیەکى پەرتەوازەى لێ بخوێنرێتەوە کاتێک دەیەوێت یەک بگرێت. پەرتەوازە بە دەست جیۆگرافیاى جیاجیا، پەرتەوازە بە دەست ئابووری و کۆمەڵگایەکى لەبەر یەکهەڵوەشاوەوە، پەرتەوازە بە دەست بیر و ئایدۆلۆژیاى جیاجیا و دژبەیەکى کارەکتەر و دامەزراوە سیاسییەکانى.
بەڵێ مێژووى بەرەو یەکگرتنى نەتەوەیەک کە لە ناوەڕاستى سەدەى نۆزدەیەمەوە بە هۆکارى لەناوبردنى میرنشینەکانیەوە، هەموو قەوارەیەکى سیاسى و هەموو جۆرێک لە ناوەندێتیی بڕیارى سیاسى لە دەست دەدات، لەوەشەوە بەبێ بەشیى لە جەنگەکانى یەکەم و دووەمى جیهانی لێی دەردەچێت و پتر و پتر دەکەوێتە ژێر پێخووستى بەرژەوەندیى زلهێزە جیهانییەکان و وڵاتانى داگیرکەریەوە. داگیرکەرانێکى هێندە بێبەزەیی و نامرۆڤانە کە تەنانەت زمانى خۆیشى لێ قەدەغە دەکەن.
نەتەوەیەک بڕیارى نەتوانەوە دەدات، بڕیارى نەوەستان تا گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکەى، کە سەربەخۆبوونە، دەدات، بەڵام دیارە ئەم ڕێگایە بۆ پەرتەوازەترین نەتەوەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست هەروا ئاسان نەبووبێت و، تەنها بە وەعز و ئیرشاد و شیعر و وتارى حەماسى ئەنجام نەدرێت، بەڵکو دەخوازێت کە لە ڕووى فیکرییەوە یەکگرتن بێنێتەدى، لە ڕووى دامەزراوەییەوە گەلێک دامەزراوەى کۆمەڵایەتى و زانستى و سیاسى بۆ پێک بێنێت، سەرکردەى بە ئەزموون و بە تواناى لە ئاست قۆناغەکەى بۆ پێ بگەیەنێت، لە ڕووى پەیوەندیى نێودەوڵەتییشەوە لەسەر تۆڕێکى بەرژەوەندیى هەرە ئاڵۆزى جیهاندا جێگایەکى شایستە بۆخۆى بە دەست بهێنێت.
ئەم زەحمەتیە لە بڕیار و جێبەجێکردندا، ڕەنگدانەوەى هەبووە و دەبێت لەسەر تاک بە تاک، دەزگا بە دەزگا، قۆناغ بە قۆناغى ئەو نەتەوەیەدا، تاوێک بە لاى پەرتەوازەیی و لێک دڕدۆنگى و نامۆیی و گومان و بگرە بە یەکترى هەڵشاخان و توندوتیژیشدا، تاوێکیش بە لاى یەکڕیزى و تەبایی و لێک‌تێگەیشتن و بەیەکەوە کارکردندا.
لەم هاوکێشە ئاڵۆزە دوور و درێژەى یەکگرتنى نەتەوەیەکدا، هەریەک لە بارزانى و تاڵەبانى وەک دوو سەرکردەى دوو حزبی سەرەکیى کوردستانى باشوور، دەکەونە پەیوەندییەکى سیاسى و کەسى دوور و درێژ و زۆر ئاڵۆزەوە، پەیوەندییەک دەکرێت لە ساتەوەختێکدا گەلێک بڕیارى خودى بدەیت و جێبەجێى بکەیت، بەڵام لە ساتەوەختێکى تردا فاکتەرەکان تەواو بێدەسەڵاتت دەکەن و بڕیارێکت بەسەردا دەسەپێنن کە لەوانەیە ویستیشت نەبێت.
بەڵام ئەوەى لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا تێبینى دەکرێت، کە رۆژ لە دواى رۆژ و لەژێر ئەزموونى نەتەوە و حزب و سەرکردەکاندا خۆى دەوڵەمەند و ڕێکتر دەخات، گەلێک ڕێسا و دابى تایبەتى بە لێک‌تێگەیشتن و بەیەکەوە کارکردن و تا دابەشکردنى رۆڵیش لەنێوان خۆیاندا بەخۆیەوە دەبینێت، بۆیە دەوڵەمەندبوونى ئەو هاوکێشەیە بەرە بەرە دەستکەوت بۆ نەتەوەى پەرتەوازە بە دەست دەهێنێت، هەرچەندە لە هەر دوو هەنگاودا هەنگاوێکیش بۆ دواوە نراوە، بەڵام لە کۆتاییدا هەنگاوەکانى بەرەوپێشەوە پتر و جێگیرتر و فراوانتر بوون، لەوەشەوە کوردستانى باشوور توانى هەرێمى کوردستان دابمەزرێنێت، شەڕى ناوخۆى کوردى بکاتە ئەستەم، لەکاتێکدا لە ڕابردوودا لەسەر دەسەڵاتى دێیەکى لاچەپەک هەڵدەگیرسا.
لە دواى ساڵى ١٩٩٨ـەوە سەرەتاى تێگەیشتنێکى قووڵ لەنێوان بارزانى و تاڵەبانیدا دەردەکەوێت، لێک‌تێگەیشتنێک کە ئەتەکێت و ڕێسا و داب و ڕێکارى تایبەت بە خۆى دروست دەکات، دەگاتە ئەو ئاستەى کە دەتوانن لەسەر گرینگترین بڕیارە چارەنووسسازە نەتەوەییەکان نوێنەرایەتیى یەکدى بکەن و لەبرى یەکدى قسە بکەن و بڕیار بدەن، ئەمەش تازە بوو تا ئەوەى لەسەر ئاستى ناوخۆیی حزبەکانیشان نامۆ و قورسیش بوو، ئەوەبوو کە لە دەستکەوتەکانى دەیەى یەکەمى ئەم سەدەیەدا لە بەرانبەر ڕووداو و پێشهاتە هەرە چارەنووسسازەکانى گۆڕەپانى سیاسیى خۆرهەڵاتى ناوەڕاستدا خۆى دەنوێنێت و، کوردستانى باشوور دەکاتە ژمارەیەکى قورس و کاریگەر. بەشێوەیەک دەتوانێت نەک هەر لە چوارچێوەى بڕیار و ئەکتەکانى زلهێزە جیهانى و ناوچەییەکاندا جووڵە بکات، بەڵکو دەست پێ دەکات بە ئەکتى سەربەخۆ و کاریگەر، تەنانەت لەسەر سیاسەتى ناوچەکە و زلهێزەکانیش، لەوەشەوە کورد وەک نەتەوەیەکى ژێردەستە دەخاتە ئاستى نەتەوەکانى ترى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست، بە واتایەکى دیکە لە نەتەوەیەکەوە کە لە پەرچەکردارى مێژوودا دەژیێت دەکاتە نەتەوەیەک دەستپێشخەرى کردار و مێژوو دروستکردنى هەبێت، دواییشیان ئەنجامدانى ڕیفراندۆمى کوردستانى باشوورە وەک بڕیار و ویستێکى ناوخۆیی کوردى.
هەرچەندە ڕێساکانى پەیوەندى و لێک‌تێگەیشتنى نێوان بەڕێزان بارزانى و تاڵەبانى، لە ڕواڵەتدا وەک لێک‌تێگەیشتنێکى قووڵى نێوان دوو جەمسەرى ڕێک و ڕکابەرى گۆڕەپانى سیاسیى کوردستان دەردەکەون، وەک بەرهەمى ئەزموونى کەسیى نێوان دوو سەرکردەى مێژوو بە یەکەوەگرێدراو دەردەکەون، بەڵام لە حەقیقەتدا ئەوانە ڕێساى لێک‌تێگەیشتنى نێوان هەموو پارچە و بەش و چین و توێژەکانى نەتەوەیەکى پەرتەوازەى سەرەتاى سەدەى بیستەمن و، پتر لە سەد ساڵ کارکردن و هەوڵیان ویستووە تا پێیان گەیشتووین، با لە پەیوەندیى نێوان دوو سەرکردەشدا ڕەنگیان دابێتەوە.
لێرەوە دەبێت کار بکەین بۆ بەیاساییکردن و پتر کۆنکرێتکردنى ئەو ڕێسا نەنووسراوانە و وەک بنەماى پرۆسەى سیاسیى گەلەکەمان سەیریان بکەین، بیر لە پاراستنیان بکەینەوە، بیر لە گشتگیرکردنیان بکەینەوە شۆڕیان بکەینەوە بۆ سەرجەم ئاستەکانى دامەزراوە سیاسییەکانى کوردستانى باشوور، لەسەر ئاستى نەوەى نوێ وەک بنەماکانى هاوسەنگى وەرگرتنى نێوان جیاوازبوون و یەکدەستبوون، بەیەکەوە کارکردن و ڕکابەربوون مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین، بەڵکو بیانکەینە بنەماى ئەو دەوڵەتەى کوردستان کە دامەزرانى نزیکە.