Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئاسۆ حەسەن‌زادە: "ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر هەرێم دێتە دەنگ"

هەولێر-KDP.info- پسپۆڕێکی یاسای نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنێت، پرێسکۆنفرانسەکەی نێوان (ماکڕۆن) و (عەبادی)، جیاوازیی تێڕوانینی هەردوو لای لەسەر ڕیفراندۆم ئاشکرا کرد. پێیشی وایە، ئێستا کە فەرەنسا سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات، ئەو ئەنجوومەنە لەسەر ئابڵۆقاکانی هەرێم دێتە دەنگ.

 



(د. ئاسۆ حەسەن‌زادە) لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: ''فەرەنسا تێگەیشتنی بۆ ئەو هەنگاوە مێژوویییەی هەرێمی کوردستان لەبارەی ڕیفراندۆمەوە هەیە، بڕوای بە مافی گەلی کوردستان هەیە، ناشیانەوێت گرژی و ناسەقامگیری درووست ببێت، لەبەر شەڕی داعش و تەناهیی ناوچەکە، ئەو هەوڵەی دەیشیدەن بۆ گفتوگۆ لە نێوان کورد و بەغدا، کورد دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت، چونکە بۆ سەربەخۆییش هەر دەبێت دیالۆگ بکات. سەرکردایەتیی کوردیش لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆی ڕەت نەکردووەتەوە.''

ئامادەییی نێوەندگیریی دەوڵەتی فەرەنسا لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدادا لە دوای دەرەنجامی ڕیفراندۆمی 25ی ئەیلوول، بێ پێشنیاز نییە، وەک (حەسەن‌زادە) ئاماژەی پێ دا: ''یان چارەیەکی مامناوەندە بۆ بارودۆخی ئێستا، یانیش سەربەخۆییی هەرێم، یان کۆنفیدراڵییە. ئەوەی لە دانیشتنەکانی کۆبوونەوەی نێوان (ماکڕۆن) و (عەبادی) بوون، باشتر دەزانن پێشنیازی فەرەنسا چی بووە، ئەوەی منیش ئاگادار بم، وەک فەرەنساییەکان گوتوویانە، مانەوەیان لە هەرێم و درێژەدانیان بە کارەکانیان بە فەرمی لە لایەن وەزارەتی دەرەوە، بە کۆنسووڵ و دیبلۆماتەکانیان گوتووە، هاوپەیوەندی و مانەوەیان لەگەڵ کورد پێشان بدەن.''

ئێستا وڵاتی فەرەنسا سەرۆکایەتیی ئەم خولەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات، بەپێی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی ئاسایش لە پێنج ئەندامی ھەمیشەیی و 10 ئەندامی ناھەمیشەیی  پێک دێت و ھەر ئەندامێک یەک دەنگی ھەیە، گشت دەوڵەتانی ئەندام، گوزارشت لە بڕیارەکانی ئەنجوومەن دەکەن، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکەش بە شێوەی دەورەیی دەکرێت، ھەر مانگێک ئەندامێک بەڕێوەی دەبات، کە ئێستا فەرەنسا سەرۆکایەتی دەکات، بەشێک لە کارەکانی ئەم ئەنجوومەنە پارێزگاریکردنە لە ئاشتیی جیهانی و لێکۆڵینەوە لە کێشە نێودەوڵەتییەکان و چارەکردنی کێشە نێودەوڵەتییەکان. ئێستایش دەبینین هەرێمی کوردستان بە هۆی ئەنجامدانی پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیییەوە، کە مافی سەرەکیی خۆیەتی، لە لایەن هەریەکە لە بەغدا و ئێران و تورکیاوە گوشاری دەخرێتە سەر، هاوکاتیش بەغدا و ئێران بە هاوبەشی لەسەر سنووری هەرێم مانۆڕی سەربازی ئەنجام دەدەن.

(د. ئاسۆ حەسەن‌زادە) لەوبارەوە گوتی: ''یەکێ لە فایلە گرینگەکانی فەرەنسا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەوەیە، کە دژایەتیی دەوڵەتانی حاکمی ناوچەکە بەسەر کوردستاندا دەکات و لە ئەولەویەتی کارەکانیەتی. بەداخەوە ئەو پاڵەپەستۆیانەش تا بێن چڕتر دەبنەوە، ئومێدیش هەیە کە فەرەنسا ئەو پرسەی کورد بخاتە بەردەم ئەنجوومەنی ئاسایش و بە قازانجی کورد بشکێتەوە، چونکە ڕووسیایش هەڵوێستی لەسەر هەرێمی کوردستان بە باشی ڕاگەیاندووە. ئەو هەنگاوانەی کە لە ڕووی سەربازییەوە دەوڵەتانی حاکم لێرە پیادەی دەکەن، کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر پلانی ئەمنیی ڕۆژئاوایش هەیە، حەتمەن لەم بەشەدا ئەنجوومەنی ئاسایش پێشیان پێ دەگرێت.''

 

لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا جیا لە فەرەنسا، ڕووسیایش پشتیوانیی هەرێم دەکات

سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان توانیویەتی بەرژەوەندیی ئابووریی وڵاتانی زلهێزیش بۆ نێو هەرێم پەلکێش بکات. بۆ نموونە، گرێبەستی نێوان حکوومەتی هەرێم و ڕۆسنەفتی ڕووسیایی، کە یەکێکە لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ڕووسیا بۆ هەناردەکردنی گازی سرووشتیی هەرێم لە ڕێی بۆرییەوە بە ناو خاکی تورکیادا بۆ ئەورووپا. بەپێی وتەی شارەزایان، هەرێمی کوردستان دەتوانێت 6%ی گازی سرووشتیی ئەورووپا، هاوکات 60%ی پێداویستیی تورکیا دابین بکات، وەک (ئاسۆ حەسەن‌زادە) ئاماژەی پێ کرد: ''لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا جیا لە فەرەنسا، ڕووسیایش پشتیوانیی هەرێم دەکات، هەروەک چۆن (پووتین)، سەرۆکی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند ئابڵۆقەدانی هەرێمی کوردستان هەموو لایەک تێیدا زەرەرمەند دەبن. ئەم قسەیەی (پووتین) سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان توانیویەتی وەها کارێک بکات، وڵاتانی زلهێز پشتی تێ نەکەن، وەک وڵاتی گورجستان کە سەربەخۆییی خۆی ڕاگەیاندووە و هیچ وڵاتێکیش ددانی پێدا نەناوە و باسیش ناکرێت، کوردستان شوێنێکە، وەک چۆن قسەی لەسەرە، بەرژەوەندیشی تێدایە.''

هەمیشە لەو پرێسکۆنفرانسانەی لە نێوان سەرکردەکانی دوو وڵاتدا دەکرێن، ڕۆژنامەنووسان پرسیار ئاراستەی هەریەکە لە سەرکردەکان دەکەن، بەڵام ئەوەی جێی تێڕامان بوو، لە میانەی پرێسکۆنفڕانسەکەی ئەمڕۆی (ماکڕۆن) و (عەبادی)دا ڕێ بە پرسیاری ڕۆژنامەنووسان نەدرا، هەربۆیەشە ئەو پسپۆڕە پێی وایە: ''بۆ ناکۆکیی نێوان (ماکڕۆن) و (عەبادی) لەسەر پرسی ڕیفراندۆم دەگەڕێتەوە. هۆکارەکەی تەکنیکی نییە، بەڵکو سیاسییە، هۆکارەکەیشی پێوەندی بەوەیە کە لەسەر هێڵە گشتییەکان کۆک نەبووبن، لەو کۆنفرانسەدا ئەوە ئاشکرا بوو، هەردوو لا کۆک نین، کە پێم وایە پرسی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان خاڵی گرنگ بووە، کە ئەویش دیاریکردنی چارەنووسی گەلێکە.''

خێڵان بەختیار