کەریم قادر
ئه‌وه كوردی عێراق( گه‌لی كوردستان) نییه، خیانه‌ت له ته‌واوی ناوچه‌كه ده‌كات، به‌ڵكو ئێوه‌ی حكومڕانن به پشتگوێ خستنی كه‌لامی پیرۆزی په‌روه‌ردگار و دداننه‌نان به مافی یه‌كسانی گه‌لێكی ته‌په‌سه‌ركراو خیانه‌ت له برای موسڵمانی خۆتان ده‌كه‌ن.
ئه‌وه‌ی له ته‌له‌ڤزیۆنی ئێرانی له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆككۆماری توركیا و رابه‌ری باڵای ئێران له زاری ئایه‌توڵڵا عه‌لی خامه‌نەیی بڵاو كراوه‌ته‌وه، كه گوتوویه‌تی "له‌سه‌ر توركیا و ئێران پێویسته دژی ریفراندۆم رێوشوێنی پێویست بگرنه‌به‌ر" یا كه ده‌ڵێ "ئه‌مریكا و ئیسرائیل دوو سودمه‌ندی گه‌وره‌ی ریفراندۆمن.. ده‌یانه‌وێ ئیسرائیلێكی نوێ له ناوچه‌كه دابمه‌زرێنن" یاخود "ریفراندۆمی جیابوونه‌وه‌ی كوردی عێراق(ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان) خیانه‌ته به‌رامبه‌ر ته‌واوی ناوچه‌كه."
به ڕاستی ئه‌م تۆمه‌تانه شایه‌نی وه‌ڵامدانه‌وه نین، كه له بنه‌ڕه‌ته‌وه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆن و رووپه‌ڕی رۆژنامه‌كانه، چونكه هیستریا (یا وه‌ك ده‌ڵێن تای گرانه‌تا)ی داگیركارانی كوردستان به‌رامبه‌ر رووداوه‌كانی ناوچه‌كه و سه‌ركه‌وتنی گه‌لێك پشان ده‌دات، كه سه‌ره‌ڕای ئاسته‌نگه دروستكراوه‌كان به هه‌ڵسوكه‌وته هاوسه‌نگه‌كانی چه‌ند ساڵی رابردووی سه‌لماندوویه‌تی فاكته‌ری سه‌قامگیری و خێره بۆ ناوچه‌كه‌دا.
واتا، هه‌تره‌شچوونی ئه‌وان له‌و ده‌وڵه‌ته چاوه‌ڕوانكراوه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه ده‌وڵه‌ته‌كه ده‌بێته نموونه‌یه‌كی بێوێنه‌ی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی پێكهاته جیاكان، ئۆتۆماتیكیانه كاریگه‌ری به‌سه‌ر سیاسه‌تی نكۆڵیكاری ئه‌وان به‌رامبه‌ر گرووپه جیاكان ده‌بێت، كه به نایه‌كسانی به‌ناوی یه‌ك گه‌ل و یه‌ك ئاڵاوه حوكمڕانی گه‌لێكی ناهۆمۆجین و ناڕازی ده‌كه‌ن.
له‌م نێوه‌نده‌دا سه‌رۆككۆماری توركیا، ئه‌گه‌ر خۆی بكاته پردی سیاسه‌تی فره‌وانخوازی ئێران، وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌ددام حوسێن بۆ دداننه‌نان به مافی كوردستان هه‌موو ته‌نازولێكی بۆ شای ئێران كرد، هه‌ڵه‌یه‌كی مێژوویی ده‌كات، چونكه ئه‌گه‌ر ئێران ده‌ستی راستیشی بۆ درێژ بكات، به‌ڵام به ده‌ستی چه‌پ له پشته‌وه خه‌نجه‌ری تاییفی مێژوویی خۆی ده‌وه‌شێنێت. واتا ئه‌و ده‌ستتێكەڵكردنه دژ به خواستی گه‌لی كوردستان خیانه‌ته له‌و نانه گه‌رمه‌ی به سه‌خاوه‌ته‌وه كوردستان پێی به‌خشیون.
راستییه‌كی دیكه، كه پێویسته له دنیای به‌رژه‌وه‌ندی به‌رده‌وام له‌به‌رچاو بگیردرێ، ئه‌وه‌یه هه‌ر كاتێك قۆناغێك تێپه‌ڕی هیچ كاتێك ناگه‌ڕێته‌وه دۆخی جارانی، بۆیه ئه‌وه‌ی به‌پێچه‌وانه‌ی ویستی ئاشتیخوازانه‌ی كوردستان شه‌ڕی گه‌ره‌كه، شه‌ڕ سه‌ری ده‌خوات.