Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"سەرۆکی ڕووسیا هەڕەشە و گوشارەکانی تورکیای لەسەر هەرێم کەم کردەوە"

هەولێر-KDP.info- میدیایەکی ئەمریکایی بڵاوی کردەوە کە ڕووسیا ڕۆڵی هەبووە لە هێورکردنەوەی هەڵوێستی تورکیا لە هەمبەر هەرێمی کوردستاندا.

دوای سەردانەکەی (ڤلادیمر پووتین)، سەرۆکی ڕووسیا بۆ تورکیا و دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان)، هاوتا تورکەکەی، سیاسەتی ئەنقەرە لە هەمبەر هەرێمی کوردستاندا بەرەو هێوربوونەوە ڕۆیشتووە.

سایتی ئه‌لمۆنیته‌ر ڕاپۆرتێكی له‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی هه‌فته‌ی ڕابردوو و ئێستای هه‌رێمی كوردستان بڵاو كردووەته‌وه‌ و پێی وایه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووریی ڕووسیا له‌ هه‌رێمی کوردستاندا ڕێگه‌ نادات توركیا سنوور له‌سه‌ر كوردستان دابخات. له ‌به‌شێكی ڕاپۆرته‌كه‌دا، باسی سه‌ردانه‌كه‌ی (ڤیلادیمر پووتین)، سەرۆکی ڕووسیا كراوه‌ بۆ توركیا، كه‌ ته‌نیا سێ ڕۆژ دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان بوو، توانی کاریگەری لەسەر هێوربوونەوەی سیاسەتی تورکیا هەبێت. سەرچاوەکە سەبارەت بە ڕۆڵی مۆسکۆ لە وەستاندنی سزاکانی سەر هەرێمی کوردستانیش ئاشکرای کرد، گرێبەستە نەوتییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕووسیا ڕێگر بوون لە بەردەم سەرۆکی تورکیادا و ناتوانێت هەڕەشەکانی لە دژی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان جێبەجێ بکات.

بە هۆی ڕێککەوتنی ئەمساڵی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕووسیاوە لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئابووریی سەن پیترسبۆرگ، کە بە ئامادەبوونی (نێچیرڤان بارزانی)، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا، ڕووسیا بە بەهای ٤ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستاندا کردووە و بە پێی دوایین ڕێککەوتنی نێوان هەردوو لا، کۆمپانیای ڕۆزنەفتی ڕووسیا پڕۆژەی ڕاکێشانی بۆڕیی گازی سروشتیی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و وڵاتانی ئەورووپای خستووەتە واری جێبەجێکردنەوە.

لەو بارەیەوە، ئەلمۆنیتۆر، لێدوانێکی (وۆگین کۆغان)، شارەزای بواری بەرگری و ئاسایش لە جۆرجیای بڵاو کردەوە، کە دەڵێت، ڕووسیا بە وەبەرهێنانی ٤ ملیار دۆلاری لە هەرێمی کوردستان لە بواری پیشەسازیی نەوت و گازدا، پێش وەبەرهێنەرە ئەمریکاییەکان لە ناوچەکەدا کەوتووە و ئەوەش هۆکارێک بووە لە بەردەم سەرۆککۆماری تورکیادا بۆ پاشگەزبوونەوەی لە جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی دژی هەرێمی کوردستان. چونکە ڕووسیا زەرەرمەند دەبێت بە داخستنی بۆڕیی نەوتی هەرێمی کوردستان لە نێو تورکیادا. هەروەها ڕووسیا خاوەنی هاوپه‌یمانییە له‌ كۆمه‌ڵگەی بازرگانی توركیا و بە گرتنەبەری هەر هەنگاوێکی ئەنقەرە دژی هەرێمی کوردستان، بەرژەوەندییەکانی مۆسکۆ لە ناوچەکەدا دەکەونە مەترسییەوە.

جێی باسە، چاودێرانی سیاسی و ئابووری لەو بڕوایەدان، کە سیاسەتی ئابووریی (نێچیرڤان بارزانی)، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشداریی کۆمپانیا گەورەکانی جیهان لە کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستاندا ڕۆڵی گەورەی بینیوە بۆ پاڵپشتیکردنی وڵاتانی جیهان لە هەرێمی کوردستان و پاراستنی لە بەرامبەر هەڕەشە ناوچەییەکاندا.