Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیری پێشووتری دەرەوەی فەڕەنسا: هەڵوێستی وڵاتان گۆڕانکاریی بەسەردا دێ

 

هەولێر-KDP.info-  وەزیری پیشووتری دەرەوەی فەڕەنسا رایگەیاند، دەبێ جیهان لەم خواستە لەمێژینەی کوردستانیان تێبگا و، لێرە بە دواوە، گفتوگۆ بۆ پشتگیری لە مافەکانیان نیشان بدەن. جەختیشی کردەوە لەوەی، هەڵوێستی وڵاتان گۆڕانکاریی بەسەردا دێ.

(بێرنارد کۆشنێر) کە چەند ڕۆژێکە لە باشووری کوردستانە و لە نزیکەوە چاودێریی ڕاپرسیی بۆ سەبەخۆیی باشووری کوردستانی کردووە کە دوێنێ دووشەممە، ئەنجام درا، جەختی لە سەرکەوتووییى پڕۆسەی دەنگدان بە سەربەخۆیی کردەوە و ڕایگەیاند، "هەڵوێستی وڵاتان گۆڕانکاری بەسەردا دێ و، پێویستە ددانى پێدانێن."

وەزیری پێشووتری دەرەوەی فەرەنسا لە پرێسکۆنفرانسێکدا کە ئەم بەیانیی سێشەممەیە لە هەولێر ساز درا، رایگەیاند، "دوێنێ دووشەممە رۆژێکی گرینگ بوو بۆ گەلی کوردستان و، جێی سەرسوڕمان نەبوو بۆ ئەوانەی کورد دەناسن."

(کوشنێر) هەروەها رایگەیاند، لە هەڵوێستی وڵاتانی دەوروبەری کوردستان، کە دژایەتیی ریفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان دەکەن، تێدەگات، بەڵام لە هەڵوێستی فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەمەریکا تێناگات، کە دوورن لە کوردستان و، پێش سەدەیەک رێککەوتنێکیان بۆ دابەشکردنی کوردستان کردووە.
ئەو دیپلۆماتکارەی پێشووتری فەرەنسا، جگە لە پیرۆزباییکردن لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان، کە پرۆسەکەی بە سەرکەوتوویی ئەنجام دا، سەرسوڕمانی خۆی لە هەڵوێستی عێراق نیشان دا، بەوەی کە ئەو حکوومەتە پێش ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان، هەوڵی راگرتنی دا.


(بێرنارد کۆشنێر) ئاماژەی بە بەڵیننامەی سیڤەر کرد، کە تێیدا بەڵێنی دروستکردنی دەوڵەتێکیان بە کورد دا، بەڵام وڵاتانی زلهێز لە ماوەی سەدەیەکدا ئەو بەڵێنەیان جێبەجێ نەکرد.

(کوشنێر)، شەڕی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێنایە بەر باسەوە و رایگەیاند، "وڵاتانی رۆژئاوا ستاییشی پێشمەرگەیان دەکرد لە تێکشکاندنی ئەفسانەی داعش، کەچی لە ماوەی هەفتەیەکدا هەڵوێستیان گۆڕا"، وەک ئەو جەختی کردەوە، ئەوە مانای ئەوە بوو "درۆ"یان لەگەڵ خۆیان دەکرد.

ئەو باوەڕیشی وابوو، کە بە ئەنجامدانی ریفراندۆم، ئیدی قۆناغی گفتوگۆ و دانوستاندنی هەولێر و بەغدا دەست پێ دەکات و، ئەو وڵاتانەی هەڵوێستی تووندیشیان بەرامبەر ریفراندۆم هەبووە، بۆ لۆژیکی عەقڵ دەگەڕێنەوە، هەڵوێستیان دەگۆڕن و لە داخوازیی و ویستی گەلی کوردستان تێ دەگەن."

(کوشنێر)، کە دۆستێکی دێرینی گەلی کوردستانە و لە رۆژە سەختەکانی شۆڕشی رزگاریخوازی گەلی کوردستان هاوکاریی شۆڕشی دەکرد، ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەو ئێستا هاووڵاتی کوردستان نییە، بەڵام "لەوانەیە لە داهاتوودا ببمە هاووڵاتییەکی دەوڵەتی کوردستان."

هەر لەو کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەدا، جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کڕواتیا و تۆڕی پەرلەمانتارانی بەریتانیا، جەختیان لە ئازادانە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی کردەوە و، ڕایانگەیاند، کە خەڵک ئازادانە دەنگیان دا و، هیچ پێشیلکاریەکیان نەبینىوە.