Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"لە مەخموورەوە تا شنگال ڕیفراندۆم بە ڕێکی بەڕێوە دەچێت"


مووسڵ-KDP.info- سەرۆکی لیستی برایەتی و پێکەوەژیان لە ئەنجومەنی پارێزگای مووسڵ ڕایدەگەینێت، لە مەخموورەوە تا شنگال، پرۆسەی ڕیفراندۆم بە ڕێکی بەڕێوە دەچێت، ژمارەیەکی زۆریش خەڵک لە بەردەم بنکەکاندا خەوتبوون، تا بەیانی بە پەرۆشەوە دەنگ بۆ سەربەخۆییی کوردستان بدەن.

(سەیدۆ چەتۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: ''لە بەیانییەوە پرۆسەی ڕیفراندۆم لە مەخموورەوە تا دەگاتە شنگال بە ئارامی و بەبێ کێشە بەڕێوە دەچێت و ھیچ کێشەیەک لەئارادا نییە و خەڵک زۆر بە حەماسەوە بەشداری لە پرۆسەکەدا دەکەن و زۆریش دڵخۆشن بەوەی کە ناوچەکانیان بەو دەنگدانە دەگەڕێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان.''

(چەتۆ) گوتیشی: ''من، خۆم لە کەمپی شاریا بووم، بینیم خەڵک چەند بە تامەزرۆییەوە بۆ بەشداریکردن لەو پرۆسەیەدا دەچن و خەڵکێک ھەبوو لە نێو ئاوارەکاندا لە پێش بنکەی دەنگدان خەوتبوون، بۆ ئەوەی یەکەم کەس بن دەنگی خۆیان بۆ سەربەخۆیی بدەن .''

(چەتۆ) گوتیشی: ''خەڵکێکی زۆر بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کردووە، بە جۆرێک لە 4 بنکەی کەمپی شاریادا تا سەعات 11:00ی پێشنیوەڕۆ 3 ھەزار کەس دەنگی خۆیان دابوو و سات بە ساتیش ڕێژەکە لەزیادبووندایە.''


بڵند ئیبراھیم