Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەنگدەرانی سلێمانی: به‌ جۆش و خرۆشەوە دەنگمان بۆ سەربەخۆیی دا

 
 
سلێمانی-KDP.info- هاووڵاتییانی شاری سلێمانی بەوپەڕی جۆش و خرۆشەوە دەچنە بنکەکانیان و دەنگ بۆ سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان دەدەن.''
 
(حامید محەممەد)، هاووڵاتییەکی دانیشتووی شاری سلێمانییە، بە حەماسەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''تا ئەمڕۆ لە خاکی خۆمان میوان بووین، لە ماڵی خۆمان میوان بووین، بەڵام ئەمڕۆ دەنگمان بۆ سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان دا.''
 
ئەو هاووڵاتییە ئاماژە بەوە دەکات، کە هەرێمی کوردستان هەمیشە لە بەردەم مەترسیی نەیارانیدا بووە، بە پێچەوانەوە لەمەودوا ئەو مەترسییانەی لە ڕابردوودا لەسەر هەرێمی کوردستان هەبوون، نامێنن.
 
 
(هەژار ئەحمەد)یش، هاووڵاتییەکی تری دانیشتووی شاری سلێمانییە، ئاماژە بەوە دەکات کە هەر لە کاتژمێر 8ی سەرلەبەیانییەوە، کە بنکەکانی دەنگدان بە ڕووی دەنگدەراندا کراونەتەوە، بە خۆی و خانەوادەکەیەوە، کە 6 کەسن، دەنگیان بە (بەڵێ) بۆ سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان داوە و گوتیشی: ''ئێمە خاوەنی چەندین شەهیدین، کە ژیانیان لە پێناو ئەم خاکەدا کردووەتە قوربانی، هەربۆیە بۆ نەهێشتنی ئازاری لەدەستدانی شەهیدەکانمان، ئەمڕۆ دەنگمان بۆ سەربەخۆیی دا.''
 
ناوبراو ئەوەیشی گوت: ''ئێستا هاووڵاتییانی شاری سلێمانی بەوپەڕی جۆش و خرۆشەوە ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کردووە، تا چارەنووسی خۆیان لەم ڕۆژە پیرۆزەدا دیاری بکەن.''
 
خێڵان بەختیار