Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە ناوچە کوردستانییەکاندا پێشوازییەکی گەرم لە ڕیفراندۆم کراوە


کەرکووک-KDP.info-  گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، لە ناوچە کوردستانییەکاندا پێشوازییەکی گەرم لە ڕیفراندۆم کراوە، هیچ کێشەیەک لە هیچ شوێنێکدا دروست نەبووە و پێکهاتەکانیش بەبێ جیاوازی لە ڕیفراندۆمدا بەشدارن.

لەبارەی پرۆسەی دەنگدانەوە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمدا، (عەدنان کەرکووکی)، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە پارێزگای کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم لە سنووری پارێزگای کەرکووک و ئیدارەی گەرمیان بەبێ کێشە بەڕێوە دەچێت و ھیچ ئاستەنگەکێک نەھاتووەتە پێش پڕۆسەکە، تەنانەت ڕێژەی بەشداریکردنی ھاووڵاتییان بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی کوردستان زۆر بەرزە و، ھەموو ئامادەکارییەکیش بۆ ھەرحالەتێک گیراوەتەبەر، بۆ ئەوەی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی بە سەرکەوتوانە لە سنووری پارێزگای کەرکووک و ھەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت.''

پێکهاتەکانی کەرکووک بەبێ جیاوازی لە پرۆسەی ڕیفراندۆمدا بەشدارن، سەبارەت بە بەشداریی پێکهاتەکانیش، (عەدنان کەرکووکی) ڕایگەیاند: ''کورد و عەرەب و تورکمان و ھەموو کەرکووکییەکان بەبێ جیاوازی بەشداری لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمدا دەکەن. ئەوانەیشی پێشتر باسی ئەوەیان دەکرد، لە کەرکووک کێشە دروست دەبێت، با پڕۆسەکە بە چاوی خۆیان ببینن، چۆن بەڕێوە دەچێت و چ پێشوازییەکی لێ دەکرێت.''

سەبارەت بە ئارامیی پرۆسەکەش گوتی: ''لە یەک ناوچە کێشەیەک دروست نەبووە، ڕێگری لە ھیچ کەس و لایەنێکیش نەکراوە، کە بەشداری بکات، یان بەشداری نەکات، ھەموو خەڵکی کەرکووک زۆر بە ئازادانە چوونەتە نێو پڕۆسەکە و دەنگدەر ئازادە چۆن دەنگ دەدات.''

قائید میرۆ