Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دایكی شه‌هیدێكی هه‌ڵه‌بجه‌: داوا لە خودا دەکەم، گیانم نەکێشێت، تا بە چاوی خۆم دەوڵەتی کوردستان ببینم

 


هەڵەبجە-KDP.info-  لە هەڵەبجە دەنگدەران دەڵێن، دەنگمان بەڵێ بوو بۆ سەربەخۆییی کوردستان، بۆ ئەوەی ڕۆحی شەهیدان ئاسوودە بێت، ئێمە سەربەخۆییمان هەڵبژارد.

لە هەڵەبجە لە کاتی دەنگداندا هاووڵاتی، (زینۆ کاکەیی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''خۆشحاڵ بووم ئەمڕۆ توانیم دەنگ بە سەربەخۆییی کوردستان بدەم، ئیدی پاش دەنگدان ئەرکی سیاسییەکانە کار لەسەر ئەنجامەکەی بکەن و دەوڵەتی کوردستانمان بۆ دامەزرێنن.''

(کاکەیی) هۆکاری دەنگدانەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە ئەو دەیەوێت ڕۆحی شەهیدان ئاسوودە بکات، بۆیە دەنگەکەی بەڵێ بووە.

(ئامینە ڕەحیم)یش، دایکی شەهید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''کاتێک دەنگم بە ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی دا، ئیدی برینی لە دەستدانی کوڕەکەم ساڕێژ بووەوە، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەم، لەبەر خاتری خوێنی شەهیدان بە بەڵێ دەنگ بە سەربەخۆیی بدەن.''


(ڕەحیم) بە نزاوە دەڵێت: ''داوا لە خودا دەکەم، گیانم نەکێشێت، تا بە چاوی خۆم دەوڵەتی کوردستان ببینم و  بڕۆمە سەر گۆڕی کوڕەکەم و پێی بڵێم، ئازیزم بنوو، خوێنی ئاڵی تۆ سەربەخۆیی بەرهەمەکەی بوو.''


پاش ئەوەی کاتژمێر 8ی سەرلەبەیانی دەرگای بنکەکانی دەنگدان کرایەوە، هاووڵاتییان بە جۆش و خرۆشەوە، ڕوویان کردووەتە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ دەدەن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەی دەنگدانەکەیان وەک وێنەیەکی مێژوویی بڵاو دەکەنەوە و، تەماشای دەکەن و دەنووسن بەشانازییەوە دەنگمان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆی دا.''



هێڤیار هەڵەبجەیی