Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بڕیاری دا؛ دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ عێراق بۆ بوون بە دوو دراوسێی باش کراوە دەبێ

هەولێر-KDP.info-  ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم رایگەیاند، سبیەنێ ریفراندۆمە و دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش، دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ عێراق کراوە دەبێت. بە ئەجێندایەکی کراوەوە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و سەرجەم بابەتەکان بۆ بوون بە دوو دراوسێی باش.


ڕۆژی یەکشەممە 24ـی9ـی2017 لە سەلاحەدین ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتیی (مەسعوود بارزانی) کۆبۆوە. لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا باسی دوایین پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کرا و بەڕێز (مەسعوود بارزانی) باسی ئەو کۆبوونەوە و پەیوەندییانەی کرد کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان هەبووە.

دواتر شاندی کوردستان کە ڕۆژی 23ـی9ـی2017 سەردانی بەغدایان کردبوو، ئەنجامی سەردانەکە و گفتوگۆیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان خستەڕوو و ڕوونیان کردەوە کە بەغدا بەهیچ شێوەیەک، ئێستا و لە داهاتووشدا، ڕیفراندۆم قبوڵ ناکات و بە تەواوی دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بوون و دەستپێشخەرییەکەی بەڕێز سەرۆککۆماری عێراق و هەموو هەوڵە نێودەوڵەتییەکانیشیان ڕەت کردۆتەوە و ئامادە نەبوون لەبارەی سەربەخۆیی کوردستان هیچ گفتوگۆیەک بکەن.
شاندەکە ئەوەشی خستەڕوو کە بە لایەنە سیاسییەکانی عێراقیان ڕاگەیاندووە کە ئەوە بڕیاری گەلی کوردستانە و ڕیفراندۆم لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا، لە هەرێمی کوردستان و تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بەڕێوەدەچێت.
دواتر لیژنەی ئامادەکردنی بەڵگەنامەی سیاسیی گرێنتیکردنی مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان، بەڵگەنامەکەی خستەڕوو.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا تەئکید کرایەوە کە کوردستان لە ڕۆڵی کاریگەری خۆی لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەردەوام دەبێت و هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دژی تیرۆر درێژەی دەبێت.

دوای شی کردنەوەی سەرجەم پێشهات و هەڵوێستەکان، کۆبوونەوەکە ئەم بڕیارانەی دا:
یەکەم: ڕۆژی دووشەممە 25ـی9ـی2017، ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان و تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەڕێوە دەچێت.
دووەم: کۆبوونەوەکە، بەڵگەنامەی سیاسیی گرێنتیکردنی مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی پەسند کرد و دەستخۆشیی لە لیژنەی ئامادەکاری بەڵگەنامەکە کرد.
سێیەم: دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ عێراق کراوە دەبێت. بە ئەجێندایەکی کراوەوە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و سەرجەم بابەتەکان بۆ بوون بە دوو دراوسێی باش.

چوارەم: ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم دەستخۆشیی لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد بۆ بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سووربوونیان و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستییان بۆ باشتر بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا و جەختیش کرایەوە کە بە یەکڕیزی بەسەر هەموو ئاستەنگەکاندا زاڵ دەبین.

ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم
24ـی9ـی2017