Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

باڵیۆزی فەڕەنسا: فەڕەنسا وەک بنەما دژی ریفراندۆم نییە

هەولێر-KDP.info-  (سەرۆک بارزانی) لە پێشوازی باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق ڕایگەیاند: ڕیفراندۆم بڕیاری گەلی کوردستانە و لەدەستی هیچ حزب و کەسێکدا نەماوە و لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوە دەچێت. لای خۆیشیەوە باڵیۆزی فەڕەنسا رایگەیاند، فەڕەنسا دژی خواستی گەلی کوردستان نییە و خوازیارن پەیوەندیی مێژوویی نێوان گەلی فەڕەنسا و گەلی کوردستان پەرە پێ بدرێت. ڕاشیگەیاند کە فەڕەنسا وەک بنەما دژی ڕیفراندۆمیش نییە.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە سەرۆکی هەرێمی کوردستان (مەسعوود بارزانی) لەگەڵ (برۆبۆ ئۆبێرت) باڵیۆزی فەڕەنسا لەعێراق بەڕێوە چوو.

لەو دیدارەدا کە (دۆمینیك ماس) كونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر ئاماده‌ی بوو، باڵیۆزی فەڕەنسا لەعێراق ڕایگەیاند کە فەڕەنسا دژی خواستی گەلی کوردستان نییە و خوازیارن پەیوەندیی مێژوویی نێوان گەلی فەڕەنسا و گەلی کوردستان پەرە پێ بدرێت. ڕاشیگەیاند کە فەڕەنسا وەک بنەما دژی ڕیفراندۆمیش نییە، بەڵام پێمان وایە ئێستا کاتەکە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەبار نییە و ڕەنگە کاریگەریی لەسەر شەڕی دژی داعش بکات.

لە بەرانبەردا (سەرۆک بارزانی) وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، جەختی لەوە کردەوە کە بڕیاری ڕیفراندۆم بڕیاری یەک یا دوو حزب نییە و بڕیاری گەلی کوردستانە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە و بڕیاری پەرلەمانی کوردستانیشە و ئێستاش کاتی ئەوە نەماوە باس لە دواخستنی بکرێت و بڕیارەکەش لە دەست هیچ حزبێک و هیچ کەسێکدا نییە و ڕیفراندۆم لە کاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.

(سەرۆک بارزانی) بە وردی ئەو هۆکارانەشی ڕوون کردەوە کە بوونەتە هۆی ئەوەی گەلی کوردستان هیچ ئومێدێکی بە پێکەوەژیان لەگەڵ بەغدا نەمێنێت و بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بدات. تەئکیدیشی کردەوە کە گەلی کوردستان ڕۆژی ٢٥ـی٩ـی٢٠١٧ دەچنە سەر سندوقی دەنگدان و ڕای خۆیان بە جیهان ڕادەگەیەنن. سەبارەت بە داواکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش بۆ ئەنجامدانی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە ئێمە هیچ کاتێک دەرگای گفتوگۆمان دانەخستووە و ئەمڕۆش شاندێک چوونەتە بەغدا تا بابەتەکە زیاتر بۆ لایەنە سیاسییەکانی عێراق ڕوون بکەنەوە و لە دوای ئەوەش دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا کراوەیە و ئامادەین بە ئەجێندایەکی کراوە و دڵێکی کراوە لەسەر هەموو بابەتەکانی وەک سنوور، نەوت، ئاو، غاز و هەر بابەتێکی دیکە کە پێویست بێت گفتوگۆ بکەین تا بە ڕێگەیەکی ئاشتییانە و لێکتێگەیشتن ببینە دوو دراوسێی باش.