د.محه‌ممه‌د خدر مه‌ولوود
له شرۆڤه‌كردنی ده‌قی گوتاره‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی له ئێواره‌ی رۆژی 20 ی ئه‌یلوولدا سێ ره‌هه‌ندی گرینگ ده‌خوێنینه‌وه، كه بۆ ئه‌مڕۆ و پاشه‌ڕۆژی پرۆسه‌ی سیاسیی كوردستان زۆر گرینگ و پڕبایه‌خ ده‌بێ، وا به كورتی تیشكیان ده‌خه‌ینه سه‌ر.
یه‌كه‌م: ڕه‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی.
به‌ر له 20ی ئه‌یلوول و گوتاره مێژووییه‌كه‌ی بارزانی له سلێمانی، كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی سلێمانی له بارودۆخێكی نیمچه‌شپرزه‌یی و جۆره نیگه‌رانییه‌ك ده‌ژیان ئه‌وه‌ی لێده‌خوێندرایه‌وه كه، خه‌ریكه به‌ره‌وڕووی دابڕانی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی ببێته‌وه.
به واتایه‌كی تر، سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی نه‌خێر و، به فه‌رمی دژایه‌تیكردنی ریفراندۆم و پرۆسه‌كه، به‌شدارینه‌كردنی هه‌ندێ له پارته‌كانی سلێمانی له‌وانیش بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی به ئاشكرا له پرۆسه‌ی ریفراندۆمدا وێنایه‌كی پێچه‌وانه‌یی بۆ كۆمه‌ڵگای سلێمانی له دیت و هزری كه‌سانێك دروست كردبوو، كه مایه‌ی ئازاری ده‌روونی و هزری بوون بۆ سه‌رتاپای خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ی كه له هیچ ده‌ور و زه‌مانێكدا دژی ڕه‌وتی نیشتیمانی نه‌بووه و، به‌پێچه‌وانه‌وه به‌ڵكو وه‌ك خه‌ڵك كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی، وه‌ك شاریش گۆڕه‌پانی خه‌بات و تێكۆشان بووه. مه‌به‌ستیش له دابڕان، دابڕانی سلێمانییان وه‌ك كه‌س و كۆمه‌ڵ له یه‌كتری به‌هۆی ململانێی سیاسی و سلێمانی وه‌ك شاریش له كوردستان وه‌ك جوگرافیا و جیۆسیاسیش له ناوچه‌كه‌دا.
ئه‌م گوتاره‌ی بارزانی، له‌وێ له نێو خودی شار و له نێو ئاپۆڕای ده‌یانهه‌زاری خه‌ڵكی شاردا، وێنا پێچه‌وانییه‌كه‌ی هه‌ڵگێڕ و وه‌رگێڕ پێكرد و ڕووی راستینه‌ی كوردستانیه‌تی سلێمانی به‌دیار خسته‌وه تا ئه‌وئاسته‌ی، ئه‌و یارییه مه‌ترسیداره‌ی به كه‌س و كۆمه‌ڵی سلێمانی ده‌كرا، وه‌ك گه‌ڵای پاییز هه‌ڵوه‌رین.
ئاماده‌بوونی خودی بارزانی و گوتاردانی له‌وێ و له‌نێو جه‌رگه‌ی ده‌یانهه‌زاری خه‌ڵكی شاردا و پێشوازیكردنی له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و خانه‌واده‌ی تاڵه‌بانی، له مانایه‌ك زیاتر شرۆڤه هه‌ڵده‌گرێ، ئه‌ونده‌ی هه‌ر سه‌ره‌تایی و ڕووكه‌شه لێی بخوێندرێته‌وه ئه‌وه‌یه، كه سلێمانی دارومولكی كوردستانه.
دووه‌م: ڕه‌هه‌ندی ڕۆشنبیری و ئه‌ده‌بی.
بارزانی له گوتاره‌كه‌یدا چه‌ند جارێك ئاۆڕه‌ی ئاماده‌بووانی به شاری رۆشنبیران و پایته‌ختی رۆشنبیری و شاری شاعیرانی ناودار، پیره‌مێرد، بێكه‌س، مه‌حوی، نالی و سالم خسته جۆش و خرۆشه‌وه. هه‌روا له هێنانه‌وه‌ی دێڕه شیعره ناوداره‌كه‌ی شێخ ره‌زاشدا (به بیرم دێ كه سلێمانی دارومولكی...) گه‌ر بۆ وروژاندنی هه‌ستی تاك و كۆهه‌ستی جه‌ماوه‌ریش بێ، كه زۆر ڕه‌وایه گوتاربێژانی سیاسی له كاتی گوتارداندا سوود له‌م هونه‌ره بۆ گوتاری سیاسی وه‌رگرن، مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیی بارزانی له‌م شێواز و ناوه‌رۆكه‌ی گوتندا، بۆ بیرهێناوه‌ی نه‌وه‌ی تازه‌یه و به كار و به‌رهه‌می كه‌ڵه‌شاعیران و ده‌سته‌بژێرانی كۆمه‌ڵی سلێمانی كه چۆن سه‌روه‌ریی خاك و پرسه نیشتیمانییه‌كه‌یان لا گرینگ و مه‌زن بووه، بۆ ئێستایش دال و مه‌دلوولن، ئاماژه‌ن بۆ سلێمانی و سه‌روه‌ریی خاك و نیشتیمان، وه‌ك هه‌مان ئاماژه به دێڕه شیعره ناوداره‌كه‌ی مه‌لای جزیری، كه دوای دیداری مه‌كگۆرك له سحێلا، له زاخۆ وه‌ك شێخی جزیری گوتی:
پشت ناده‌ین بۆ دوو هه‌زار خه‌نجه‌ر و ڕم و تیر و خشت
ئه‌م جۆره دوان و گوتنه دوانییه، یا گوتنه دوولایه‌نییه مه‌به‌ستی دوولایه‌نی تێدایه.
له دوانی یه‌كه‌میدا، بارزانی چ له سلێمانی پێستریش چ له زاخۆ، جۆش و خرۆشی خسته نێو هزر و هه‌ست و نه‌ستی ئاماده‌بووان و ڕووبه‌ڕووكردنه‌وه‌ی نه‌وه‌ی تازه‌یه به‌رامبه‌ر مێژووی پڕ له سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه و نیشتیمانی سه‌روه‌ران و ده‌سته‌بژێرانی كۆمه‌ڵ.
له دوانی دووه‌میدا، بارزانی په‌یامێكی دایه دوژمنان و ناحه‌زانی پرسی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی، به رسته‌یه‌كی كورت پێی گوتن: ئێمه یه‌كگرتووین، یه‌ك پرسی چاره‌نووسساز له‌ژێر ئاسمانی كوردستاندا كۆمان ده‌كاته‌وه.
سێیه‌م: ڕه‌هه‌ندی سیاسیی.
به‌رله چوونی بارزانی بۆ سلێمانی و تا رۆژی 20ی ئه‌یلوول، له‌ودیو په‌رده‌وه پرسی به هه‌رێمكردنی پارێزگای سلێمانی زۆر به هێز و گوڕ و تینه‌وه كاری له‌سه‌ر ده‌كرا و مه‌به‌ست، لێی به‌ستنه‌وه‌ی سلێمانی بوو به به‌غداوه، به‌هه‌ر به‌یت و بالۆره‌یه‌ك بووبێت، دابڕاندنی سلێمانی له كوردستان و ئه‌و هێرشه میدیاییه به‌رنامه بۆ دارێژراوه‌ی كه ده‌كرایه سه‌ر بارزانی، به‌مه‌به‌ستی ناشیركردنی كه‌سایه‌تیی سیاسیی ئه‌و و پێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی و نیشتیمانییانه‌ی و وا وێناكردنی كه سلێمانی ئاماده‌ی پێشوازیی بارزانی نابێ و، به ده‌نگی نه‌خێری نه‌خێرستان، سلێمانی به هه‌رێم ده‌كه‌ن، به چوونی بارزانی ئاماده‌بوون و گوتاردانی له‌م كه‌رنه‌فاڵه مێژووییه‌دا، شكستی هێنا و پووچه‌ڵ كرایه‌وه و، بارزانی كارتی سلێمانی له ده‌ست مالیكییه‌كان ده‌رهێنا و نوزه‌ی له ده‌نگی نه‌خێرستانیش بڕی.
دواجار، به چوونی بارزانی بۆ سلێمانی و گوتاردانی، ئه‌وانه‌ی گره‌ویان به سلێمانی ده‌كرد بۆ ریفراندۆم و ده‌نگی نه‌خێر، سلێمانییان كردبووه گه‌وره‌ترین ناوونیشی میدیاكانی عه‌ره‌بی و هه‌رێمی و جیهانی.. ئه‌وانه‌ی یارییان به هه‌رێمكردنی سلێمانی ده‌كرد و مه‌به‌ستیان بوو له جه‌سته‌ی كوردستانی بكه‌نه‌وه، له ته‌شكی ته‌ڕی خۆیان دا و دۆڕان و له یارییه‌كه‌داش مایه‌پووچ.