Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بە سەرپەرشتیی سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆک بارزانی، لایەنە سیاسییەکان لە سلێمانی کۆ بوونەوە


سلێمانی-KDP.info-  له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا كه‌ بە سەرپەرشتیی سەرۆککۆماری عێراق و (سەرۆک بارزانی) بوو، بڕیار درا، لە دوو ڕۆژی دابێ، شاندێکی کوردستانی سەردانی بەغدا بکەن و بە وردی بابەتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و ئامانجی گەلی کوردستان لە بەردەوامیی دۆستایەتی و هاوکاری وەک دوو دراوسێی باش لەگەڵ عێراق، بۆ بەرپرسانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق ڕوون بکەنەوە.ە

 


ڕۆژی چوارشەممە 20ـی9ـی2017, لە شاری سلێمانی، بە سەرپەرشتیی (دکتۆر فواد مەعسووم) سەرۆککۆماری عێراق و (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی (کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی) جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە شاری سلێمانی کۆ بوونەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرەتا (دکتۆر فواد مەعسووم) باسی دەستپێشخەرییەکەی خۆی کرد بۆ چارەسەری کێشەکانی کوردستان و بەغدا و، ئەو هەوڵانەیش خرانەب بەرباس کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە لە ئارادان.

لە بەرانبەردا (سەرۆک بارزانی) سوپاسی سەرۆککۆماری عێراقی کرد بۆ دەستپێشخەرییەکەی و بە وردی باسی ئەو هۆکارانەی کرد کە بوونەتە هۆی ئەوەی گەلی کوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بدات.
(سەرۆک بارزانی) ڕوونی کردەوە کە ئێمە هەموو شێوەکانی پەیوەندییمان لەگەڵ بەغدا تاقی کردۆتەوە، لە لامەرکەزییەوە بگرە تا ئۆتۆنۆمی و فیدراڵی و هەموویان شکستیان هێنا، چونکە لە بەغدا تەنها دەموچاوەکان گۆڕان و هەمان عەقڵییەت حوکمڕانە کە باوەڕی بە پێکەوەژیان و شەراکەت و بوونی گەلی کوردستان نییە. ئێستایش گەلەکەمان دەیەوێ خۆی لەبارەی چارەنووسی خۆیەوە بڕیار بدات. بەڵام دەمانەوێ پێش ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆمیش لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکەین تا ببینە دوو دراوسێی باش.

دواتر کۆبوونەوەکە بڕیاری دا لە دوو ڕۆژی داهاتوودا شاندێکی کوردستانی سەردانی بەغدا بکەن و بە وردی بابەتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و ئامانجی گەلی کوردستان لە بەردەوامیی دۆستایەتی و هاوکاری وەک دوو دراوسێی باش لەگەڵ عێراق، بۆ بەرپرسانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق ڕوون بکەنەوە.