كه‌ریم قادر
شه‌ڕی كه‌نداو، ئه‌و شه‌ڕه‌ی به شه‌ڕی هه‌شتساڵه‌ی نێوان عێراق و ئێران ناسراوه، كه سه‌ددام بۆ شه‌رعیه‌تدان و راكێشانی سۆزی عه‌ره‌بى سوننه ناوی لێنابوو "قادسیه‌ی دووه‌م"، هێشتا به‌رده‌وامه، به كۆتایی نه‌هاتووه و ئه‌نجامه‌كه‌ی ساغ نه‌بۆته‌وه.
شكله‌ن لایه‌نێكی شه‌ڕه‌كه(عه‌ره‌بی سوننه) ده‌ستی به پنچك گرتووه، كاریگه‌رییه‌كه‌ی له مه‌یدانه‌كه بزره، لایه‌نه‌كه‌ی دیكه(ئێران) له رێگه‌ی به‌كارهێنانی ملیشیاكانیه‌وه هێشتا له هه‌ڕه‌ته، ستێرنی رووداوه‌كانی به‌ده‌سته، به‌مه‌ش بووه‌ته به‌ڵایه‌ك و رێگر بۆ ئاشتی و سه‌قامگیری و به‌دیهاتنی یه‌كسانی و هاوسه‌نگی له ته‌واوی ناوچه‌كه‌دا.
هاوشێوه‌ی ئه‌زموونی ناوچه نائارامه‌كانی پێشتری دیكه‌ی جیهان، دیزاینكردنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه به‌رهه‌مێكی سه‌قه‌تی رێككه‌وتنی سایكس- پیكۆیه، به‌پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی ئێران و هاوبۆچوونه‌كانی رێژه‌یه‌ك له ئۆقره‌یی فه‌راهه‌م ده‌بێت. چونكه به‌شێكی زۆری ئه‌م شه‌ڕ و توندوتیژییه‌ی هه‌یه، به‌رهه‌می نایه‌كسانیی ئه‌و رێككه‌وتن و قبووڵنه‌كردنه‌یه، كه هه‌یه.
له ئاكامی ئه‌و قبووڵنه‌كردن و ددانپێنه‌نانه به‌ویتر، جگه له كوده‌تا سه‌ربازییه‌كان و شه‌ڕه ناوخۆییه‌كان بۆ سه‌رده‌مێكی دورودرێژیش شه‌ڕی نێوان ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل و به‌شێك له وڵاتانی عه‌ره‌بدا رووخساری ناسه‌قامگیریی ناوچه‌كه بووه. به‌ڵام به‌هۆی رێككه‌وتنی ئۆسڵۆ(كه به‌یه‌كه‌م رێككه‌وتنی راسته‌وخۆی فه‌رمی له‌نێوان ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل و رێكخراوی رزگاریخوازی فه‌له‌ستین داده‌نرێ) په‌رده به‌سه‌ر سه‌رده‌می شه‌ڕی نێوان عه‌ره‌ب و ئیسرائیل هێنرا، به فه‌رمی گفتوگۆ له‌نێوان هه‌ردوو لایه‌ندا ده‌ستی پێكرد. ئه‌گه‌ر جموجۆڵی رێكخراوه توندرۆ ئیسلامییه‌كانی لێده‌رچێت به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه‌ی جیهانی عه‌ره‌بییه‌وه یارمه‌تی ده‌دران، رێژه‌یه‌ك له ئاشتی و ئارامی باڵی به‌سه‌ر به‌شێك له ناوچه‌كه‌دا كێشا و فه‌له‌ستینیه‌كان بوونه خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی نیشتمانی.
به رووخانی رژێمی سه‌ددام، وه‌ك لایه‌نێكی ناسه‌قامگیری ناوچه‌كه و، درێژه‌پێده‌ری شه‌ڕی كه‌نداو، ده‌رفه‌ت له‌به‌رده‌م لایه‌نه‌كه‌ی دیكه‌ی شه‌ڕی كه‌نداو( ئێران) ئاواڵا‌تر بوو بۆ درێژه‌دان به شه‌ڕ و توندوتیژی له‌پێناو سه‌پاندنی هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر ئه‌م ناوچه گه‌رمه‌دا، كه له ساڵی 1979-ه‌وه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات.
له‌م راسته‌وه، ده‌كرێ شه‌ڕی ته‌ممووز یا شه‌ڕی دووه‌می لوبنان به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتی شه‌رعی و وڵاتانی عه‌ره‌بی له نێوان حزبوڵڵای لوبنانی و ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل، وه‌ك قۆناغێكی دیكه و تاوسه‌ندنی شه‌ڕی كه‌نداو مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێ، وه‌ك سه‌ره‌تای شه‌ڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، كه له یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌دا به‌رانبه‌ر ئه‌و شه‌ڕه هه‌ریه‌ك له سعوودیا و میسر، كه دوو وڵاتی كاریگه‌ری جیهانی عه‌ره‌بین، خۆیان بێبه‌ری كرد و تاوسه‌ندنیشیان خسته ئه‌ستۆی هه‌ندێ عه‌ناسری لوبنانییه‌وه(مه‌به‌ستیان حزبوڵڵا بوو)، له به‌یاننامه‌یه‌كدا هێرشی تووندیان كرده سه‌ر هه‌ڵگیرسێنه‌رانی شه‌ڕه‌كه و به سه‌رچڵیێكی گه‌وره‌یان وه‌سف كرد، به‌وه‌ی ئه‌م شه‌ڕه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ژموونی ئێران به‌رپا كراوه. له‌ولاشه‌وه ئیخوان موسلمین به‌وپێیه‌ی هه‌ماهه‌نگی و رێككه‌وتنی ژێربه‌ژێری له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌بوو، لاگیریی خۆی بۆ شه‌ڕه‌كه ده‌ربڕی، ته‌نانه‌ت محه‌ممه‌د مه‌هدی عاكف رابه‌ری گشتیی ئیخوانه‌كانی میسر رایگه‌یاند، جه‌ماعه‌تی ئیخوان بۆ ناردنی هه‌زاران چه‌كدار ئاماده‌ن بۆئه‌وه‌ی له‌پاڵ حزبوڵڵا له لوبنان شه‌ڕی ئیسرائیل بكه‌ن. به‌مه‌ش په‌رده له‌سه‌ر ته‌بایی و هه‌ماهه‌نگی نێوان ملیشیاكانی سه‌ر به ئێران و رێكخراوه توندڕۆكانی سه‌ر به مه‌زهه‌بی سوننه لاكه‌وت، كه ده‌یانه‌وێ پێكه‌وه درێژه به ناسه‌قامگیری له ناوچه‌كه بده‌ن، ئه‌م كاكه براله‌یه‌ی نێوانیان له جووڵه و به‌كارهێنانی قاعیده، دواتر داعش بۆ درێژه‌دان به ناسه‌قامگیری و توندوتیژی له ناوچه‌كه‌دا ره‌نگی دایه‌وه.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه ئه‌و دژایه‌تییه راسته‌وخۆیه‌ی ئێران بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی و هه‌وڵه لێبڕاوه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌ندێ گرووپ و وڵاتی ناوچه‌كه، به‌تایبه‌ت پرۆ ئیخوان موسلمینی ئیرانی، به‌شێكه له هه‌وڵه‌كانی بۆ خۆرزگاركردن له لێكه‌وته‌كانی شه‌ڕی كه‌نداو، وه‌ك لایه‌نێكی به پێوه ماوه‌ی شه‌ڕی هه‌شت ساڵه.
هه‌رچه‌نده دیزایینكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه بۆ به‌دیهاتنی سه‌قامگیری و یه‌كسانی، بڕیارێكه گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نییه. ئه‌م بڕیاره پێویستی به‌وه بوو سه‌ره‌تا گورز له لایه‌نێكی ته‌بایی و هه‌ماهه‌نگی نێوان جه‌ماعه‌تی ئیخوان موسلمین و ملیشیاكانی سه‌ر به ئێران بدرێت، كه به لێكدانه‌وه‌ی خۆم ماوه‌یێكه ده‌ستی پێكردووه، خه‌ڵكی ئازادیخواز و ئاشتیپه‌روه‌ری ناوچه‌كه، به‌تایبه‌تی نائیخوانه‌كان به هاوكاریی جیهانی ئازاد دژی ئه‌و رێكخراوه توندڕۆیانه‌ی خۆیان به نوێنه‌ری مه‌زهه‌بی سوننه ده‌زانن، وه‌ستانه‌وه، كه خه‌ریكه له‌رووی سه‌ربازییه‌وه به‌ره‌و پوكانه‌وه ده‌چن، له‌گه‌ڵیدا ئه‌و وڵاتانه‌ش ناچار ده‌كرێن ره‌فتاری خۆیان له‌به‌رامبه‌ر لاگیریكردن له جه‌ماعه‌تی ئیخوانی ئێرانی و گرووپه توندڕۆكان بگۆڕن. بۆیه له درێژه‌ی ئه‌م پرۆسه‌یه‌دا نۆره‌ی ملیشیاكانی سه‌ر به ئێران هاتووه، به‌وپێیه‌ی هۆكار و هه‌ڕه‌شه‌ی راسته‌وخۆن له‌سه‌ر سه‌قامگیری و دیزایینكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه. ئاخر ماقوڵ و ره‌وا نییه هاوسه‌نگیی هێز به‌و شكله تێك بچێ و ته‌ره‌فه‌كه‌ی دیكه‌ی شه‌ڕی كه‌نداو(ئێران) په‌ڕ و باڵی نه‌كرێ. واته ئه‌و شه‌ڕه‌ی له پاشه‌ڕۆژێكی نزیك روو ده‌دات، شه‌ڕی ناوخۆ نابێت وه‌ك ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت، به‌ڵكو به شێوه‌ی شه‌ڕی داعش، شه‌ڕی نێوان هێزه‌كانی هاوپه‌یمان و ملیشیاكانی سه‌ر به ئێران له ناوچه‌كه ده‌بێت، كه به دیزایینكردنه‌وه و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نوێ له ناوچه‌كه، شكست به‌و ملیشیانه ده‌هێنرێت و كۆتاییش به شه‌ڕی كه‌نداو دێت.