Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئالان حەمە سەعید: ئەمڕۆ سلێمانی وەڵامی زۆر کەسی دایەوە

سلێمانی-KDP.info-  سلێمانی کەرنەڤاڵی سەربەخۆیی بەڕێوە برد و ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتیش لە پارێزگای سلێمانی- ھەڵەبجە دەڵێت، سلێمانی وەڵامی ئەوانەی دایەوە، گرەویان لەسەر سلێمانی دەکرد، کە دەنگی بۆ ڕیفڕاندۆم نییە.

(ئالان حەمە سەعید)، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجەی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە کەرنەڤاڵی ئەمڕۆی شاری سلێمانیدا بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی، دەیان ھەزار کەس ئامادە بوون و سلێمانی ئەوەی سەلماند، کە چۆن پێشتر لە شۆڕەشەکانی کوردستاندا پێشەنگ بووە، ئێستاش بۆ پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی، ھەر بە پێشەنگی دەمێنێتەوە. کەرنەڤاڵی ئەمڕۆی سلێمانی بە ئامادەبوونی (سەرۆک بارزانی) وەڵامێکی پڕ بە پێستی ھەموو ئەو کەس و لایەنە نێوخۆیی و دەرەکییانەی دایەوە، کە دەیانگۆت سلێمانی لەگەڵ سەربەخۆییدا نییە.''

(ئالان حەمە سەعید) گوتیشی: ''خەڵکی تێکوشەر و خەباتگێڕی شاری ھەڵمەت و قوربانی ھەمیشە جێی پەنجەیان دیار و بەرچاو بووە، ئەوانەیشی گرەویان لەسەر ئەوە دەکرد، گوایە جەماوەری سلێمانی ئامادەی کەرنەڤاڵەکەی ئەمڕۆ نابن، وەڵامەکەیان وەرگرتەوە، لەبەر ئەوەی سلێمانی دووپاتی کردەوە، دەنگی بۆ سەربەخۆییی کوردستانە و لە ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوولدا بە بەڵێ بەشداری لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆییی کوردستاندا دەکات.''

قائید میرۆ