Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی، سەری ساڵی کۆچیی لەسەرجەم موسڵمانان پیرۆز دەکات

هەولێر-KDP.info-  مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی (یەكی موحەرەم)سەری ساڵی كۆچییەوە وێڕای پیرۆزبایی لەسەرجەم موسڵمانان دەکات هاوکات رایدەگەیەنێت، یەكخستنی هەوڵ و كۆششەكان و هەنگاونان بۆ گەیاندنی میللەتەكەمان بە كەناری ئارامیی هەمیشەیی و رەخساندنی زەوینەی بونیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆی نیشتیمانی بە گرینگ دەزانێ.

دەقی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
بەبۆنەی (یەكی موحەرەم)سەری ساڵی كۆچییەوە:

    بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان

  بە بۆنەی هاتنەوەی (یەكی موحەرەم)سەری ساڵی نوێی كۆچییەوە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی سەرجەم موسڵمانانی كوردستان و جیهان دەكەین، هیواخوازین ئەم بۆنە پیرۆزە هەوێنی خێرو بەرەكەت و خۆشی یەكجارەكی بێت بۆ هەموو لایەك و مایەی  كۆتایی هێنان و بنبڕكردنی ئێش و ئازارو دەردەسەری و نەهامەتیەكانی گەلەكەمان بێت، هەروەها هاندەری زیاتری چەسپاندنی ئاشتەوایی و پێكەوەژیان بێت بۆ تێكڕای چین و توێژو پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردستان و دوورخستنەوەو وەلانانی ئەقلیەت و خولیای توندوتیژی و  شەڕانگێزی و دووبەرەكی لە ناو كۆمەڵەكەماندا.

   ئەمڕۆ گەلی كوردستان بە تێكڕای پێكهاتە جیاجیاكانیەوە بە هەلومەرجێكی زۆر هەستیاروچارەنووسسازدا رەت دەبێت، بۆیە داواكارین و لەو بۆنە پیرۆزەشدا بە گشت لایەك هەوڵی پتەوكردنی زیاتری گیانی برایەتی و تەبایی و یەكدەنگیی بدەین، بەتایبەتی لەرووی چەسپاندنی سەقامگیریی و ئاسوودەیی و باشتركردنی باری گوزەرانی هاووڵاتیان، هەروەها یەكخستنی هەوڵ و كۆششەكان و هەنگاونان بۆ گەیاندنی میللەتەكەمان بە كەناری ئارامیی هەمیشەیی و رەخساندنی زەوینەی بونیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆی نیشتیمانی.

جارێكی دیكە یەكی موحەرەم، سەری سڵی ۱٤۳۹ی كۆچی،  لە سەرجەم موسڵمانان پیرۆزبێت...

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان