Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شكست و سه‌ركه‌وتنه‌كانى هه‌رێم

 

پیران ئه‌میر
ئێمه‌ له‌ شەڕی دژی داعشدا سەركەوتوو بووین. له‌ هاوبەشی لەگەڵ بەغدا شكستمان هێنا. لە هەمەڕەنگی و فرەپێکهاتەییدا سەركەوتوو بووین. له‌ ده‌رهێنانى نه‌وت و هه‌نارده‌كردنى سەركەوتوو بووین. له‌ خۆڕاگریى گه‌ل و هه‌نگاونان به‌ره‌و سه‌به‌خۆییی یه‌كجاره‌كیى كوردستان سەركەوتوو بووین. له‌و ئانوساته‌ى كه‌ گه‌ل خرۆشاوه‌، هاوشان له‌گه‌ڵ هه‌نگاوه‌كانى سه‌رۆك بارزانى ناچێته‌ ژێر هیچ گوشارێكى ناوچه‌یى و نێوده‌وڵه‌تى.
خۆشبه‌ختانه‌ چەند ئاماژەیەكی ڕوونی پێشكەوتنی ئابوورى هەن و چاوەڕوانكراوه‌ پێشكەوتنی زیاتریش هەبێت، ئه‌وه‌تا رووسیا کە وڵاتێکی ئەندامی هەمیشەییی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، پێوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەرموگوڕتر بووە، کە یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بواری وزەی رووسیا گرێبەستێکی نوێی لەگەڵ هەریمی کوردستان واژۆ کردووە سەبارەت بە ڕاکیشانی لوولەی گاز بەرەو تورکیا و بازاڕەکانی دنیا.
  ئه‌وه‌ یەكێكە لە هۆكارەكان كە كوردستان به‌ره‌و سەربەخۆیی دەچێت و، پێشبینیش دەکرێت دوای بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق بە خێرایی گەشە بکات و ئاستی داهاتی ساڵانەی تاکی بگاتە ئاستی وڵاتانی پیشکەوتووی جیهان، كه‌ توانای ئەو لوولە گازەی بڕیارە لە هەرێمی كوردستانەوە بەرەو توركیا ڕابكێشرێت، ساڵانە دەگاتە ٣٠ ملیار مەتر سێجا، جگە لەو بەرهەمەی بۆ گازی ماڵان دابین دەكرێت.
هاوكات هەرێمی كوردستان بە یەكێك لە گەورەترین سەرچاوەكانی دابینكردنی گاز هەژمار دەكرێت كە لە ئەورووپا نزیكە. بەگوێرەی ئەو گرێبەستە نوێیەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیای رۆسنەفتدا واژۆی كردووە، تا ساڵی ٢٠١٩ گرێبەستەكە جێبەجێ دەكرێت و لە ناوخۆی كوردستاندا بەرهەمهێنان دەست پێ دەكات و لە ساڵی ٢٠٢٠یش، بە فەرمیی دەست بە هەناردەكردن دەكات، به‌تایبه‌ت له‌و ژانى له‌دایكبوونه‌ى ده‌وڵه‌تى كوردستاندا، ئەم هەنگاوەی حکوومەتی کوردستان ستوونێکی بەهێزى ده‌وڵه‌تى كوردستان و ئومێد و هیوا و خه‌ونى له‌ژمارنه‌هاتووى شه‌هیدان و به‌جێماوێك له‌ ئه‌نفال و كچان و كوڕانى باوه‌ر به‌ نیشتمانى ئه‌مڕۆمانه‌.