Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە پیرمام و كەسنەزان كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی ئەنجام دەدرێت

 

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە شارۆچكەی پیرمام، كەرنەڤاڵی بەرەو ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوە دەچێت و گەورەترین ئاڵای كوردستانیش نماییش دەكرێت، بەرپرسێكی ناوچەكەیش دەڵێ، رۆژی ھەینی لە كەسنەزانیش كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی ئەنجام دەدرێت و چەندان چالاكی بەڕێوە دەچن.

(شاڵاو مەلائەمین)، كارگێڕی لقی ١٦ـی ھەولێری پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، " بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شارۆچكەی پیرمامی سەر بە پارێزگای ھەولێر كەرنەڤاڵی بەرەو ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوە بچێت و تێیدا  جەماوەری شارەدێی پیرمام پشتیوانیی خۆیان بۆ پڕۆسەی ریفڕاندۆم نیشان دەدەن و چەندین ھونەرمەند بەشداری لە كەرنەڤاڵی پیرمامدا دەكەن، ھەر لە كەرنەڤاڵی ئەمڕۆی پیرمامدا گەورەترین ئاڵای كوردستان لەلایەن ژمارەیەك گەنجی خۆبەخشەوە نماییش دەكرێت".

(مەلائەمین) ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، "ھەر لە چالاكییەكانی پشتیوانیكردنی جەماوەری كوردستان بۆ ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی، بڕیارە رۆژی ھەینی ١٥ـی ئەیلوول، لە شارەدێی كەسنەزانیش كەرنەڤاڵێك بۆ ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت و لە كەسنەزانیش بە ئامادەبوونی جەماوەری ناوچەكە چەندین چالاكی ئەنجام دەدرێن.

 

قائید میرۆ