Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دیندار زێباری: لە سێ ساڵی رابردوودا، 2652 کەس بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە چەکدارانی داعشه‌وه‌ دەستگیر کراون

 

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌باره‌ی شێوازی دادگاییکردن و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گومانلێکراوانەی بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە چەکدارانی داعشەوە دەستگیر دەکرێن، (د. دیندار زێباری) سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، "هەموو ئەو گومانلێکراوانەی بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە چەکدارانی داعشەوە دەستگیر دەکرێن، وەک هەموو بەندکراوەکانی دیکە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و لەبەردەم یاسادا یەکسانن...''


شێوازی دادگاییکردن و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گومانلێکراوانەی بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە چەکدارانی داعشەوە دەستگیر دەکرێن، بابەتی سەرەکی و جێگای تێڕامانی ژمارەیەکی زۆر لە رێکخراو و لایەنە نێودەوڵەتییەکانە. زۆرینەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە راپۆرتەکانیان سەبارەت بە رەوشی مرۆیی لە هەرێمی کوردستان جەختیان خستووەتە سەر چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گومانلێکراوانەی بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە چەکدارانی داعشه‌وه‌ دەستگیر دەکرێن، ئەمانە و کۆمەڵێک پرسیاری دیکە رۆژانە بە بەردەوامی رووبەرووی حکوومەتی هەرێم دەکرێتەوە.

(د. دیندار زێباری) سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە لێدوانێکیدا سەبارەت بەو پرسیارانەی بەردەوام رووبەرووی حکوومەتی هەرێم دەکرێنەوە رایگەیاند "هەموو ئەو گومانلێکراوانەی بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە چەکدارانی داعشەوە دەستگیر دەکرێن، وەک هەموو بەندکراوەکانی دیکە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و لەبەردەم یاسادا یەکسانن، ئەوانیش وەک هەموو دەستگیرکراوەکانی دیکە مافی تەواوی خۆیان لە گرتنی پارێزەر هەیە و دەتوانن بە هەموو شێوەیەک پارێزگاری لە خۆیان بکەن. بۆ نموونە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و کەرکوک 2652 کەس بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە چەکدارانی داعش دەستگیرکراون،  1110 کەسیان تۆمەتەکەیان بەسەردا ساغ بووەوە و سزای سێ ساڵ زیندانی تا زیندانی تاهەتاییان بەسەردا سەپێندراوە، بەهۆی بێتاوانیان 870 کەسیان ئازادکران و 672 کەسیشیان تا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا (زێباری) رایگەیاند "پرۆسەی دادگاییکردنی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی تێوەگلان لە کاری تیرۆریستییەوە دەستگیر کراون لە دادگاکانی لێکۆڵینەوە و تاوان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت و، دواتر بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ژمارە (3)ی ساڵی 2006، هەروەها بەپێی یاسای ژمارە (21)ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان و یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111)ی ساڵی 1969ی هەموار کراو تاوانبار دەکرێن و ئەوەی تاوانبار بێت سزا دەدرێت و ئەوانی دیکەیان ئازاد دەکرێن".

سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان گوتیشی "بەپێى یاسا کارپێکراوەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان بە تایبەتى لە تاوانى تیرۆر، تایبەتمەندیى شوێنى رووداو (الأختصاص المکانى) پێڕەو ناکرێت، لەبەر ئەوەى تیرۆر جیاوازى ناکات لە سنوورى نێوان پارێزگا بۆ پارێزگایەکى دیکە یاخود شوێن بۆ شوێنێکى دیکە. هەروەها ئەرکى سەرەکى دەزگاکانى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر گشتگیرە لە مامەڵەکردن لەگەڵ تاوانى تیرۆر و هەموو گومانلێکراوانی تیرۆر بەیەک جۆر مامەڵەیان لەگەڵدەکرێت بەبێ جیاوازی".

(د. دیندار زێباری) رایگەیاند، ئامار و ژمارەی گومانلێکراوان لەشارێک بۆ شارێکی دیکە جیاوازی هەیە، بەپێی دوائامارەکان لە شاری هەولێر 675 کەس بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە چەکدارانی داعشه‌وه‌ دەستگیر کراون کە 619 کەسیان تاوانەکەیان بەسەردا ساغ بۆتەوە و سزادراون و 56 کەیسیشیان بێتاوان بوون ئازاد کراون. لە شاری سلێمانی 35 گومانلێکراو دەستگیرکراون کە 22 کەسیان بێتاوان دەرچوون  وئازادکران 13کەسیشیان هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدان. لە شاری دهۆک 1594 گومانلێکراو دەستگیرکراون، 456 کەسیان سزادراون، 616یان ئازادکراون و 522 کەسیان هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدان چوونکە گومانیان لەسەرە وبەڵگەی تەواویش بۆ تۆمەتبار کردنیان لەبەردەستدا نییە. لە شاری کەرکووکیش 348 کەس بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە چەکدارانی داعش دەستگیرکراون،  35 کەسیان سزادراون، 176 کەسیان ئازادکراون و ئەوانیدیکە کە ژمارەیان 137 کەسە کە تا ئێستایش لەژێر لێکۆڵینەوەدان.



لە کۆتایی قسەکانیدا (زێباری) جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە هەموو گومانلێکراوان لەبەردەم دادگادا یەکسانن و وهەمووان وەک یەک هەمان ئەو مافانەیان هەیە کە هەموو بەندکراوێک هەیەتی، ئەوەی کە دەگوترێت رێگا نادرێت بە گومانلێکراوانی داعش پارێزەر بۆخۆیان بگرن ئەسڵ و ئەساسی نییە، چوونکە ئەوانیش وەک هەموو راگیراوان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و مافی گرتنی پارێزەر و بینی ئەندامانی بنەماڵەکەیان هەیە بەبێ جیاوازی.