Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سبەینێ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقدا بەشدار نابن

بەغدا-KDP.info-  بڕیارە سبەی، پێنجشەممە، پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە. بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی ئاشکرای کرد، ئەگەر بڕیارەکەی دوێنێ لە لایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە ھەڵنەوەشێتەوە، فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ھیچ کۆبوونەوەیەکی پەرلەماندا بەشداری ناکەن.

(نەدا مێرگەسۆری)، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوای دەرکردنی بڕیارەکەی دوێنێی پەرلەمانی عێراق دژی ھەرێمی کوردستان، بڕیارمان داوە، وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەشداریی ھیچ کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی عێراق ناکەین، ھەتا پێداچوونەوە بە بڕیارەکەی پەرلەماندا نەکرێت و ھەڵنەوەشێتەوە. بڕیارە سبەی پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە و ئێمەش چاوەڕێی وەڵامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانین، ئەگەر وەڵاممان نەدرایەوە، یان وەڵام درایەوە و بڕیارەکە ھەڵنەوەشایەوە، بە ھیچ شێوەیەک بەشداریی کۆبوونەوەکەی سبەینێ ناکەین.''

(مێرگەسۆری) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''ئێمە، وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان دژی بڕیارەکەی دوێنێی پەرلەمان وەستاوینەتەوە، چونکە بڕیارەکە زۆر نادەستوورییە و تەنھا شەوێک بەر لە کۆبوونەوەکە ئامادە کراوە و بەزۆری تێپەڕێندراوە، کەچی بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ، پێویستە ھەر پڕۆژەبڕیارێکی پەرلەمان بەر لەوەی بخرێتە دەنگدانەوە، بچێتە لیژنە تایبەتمەندەکان و ڕاست بکرێتەوە، ئێنجا بێتە نێو ھۆڵی پەرلەمان، دواتریش لە نێو پەرلەماندا بۆچوونی ھەموو پەرلەمانتاران لەسەر بڕیارەکە وەربگیرێت، ئێنجا بخرێتە دەنگدانەوە، نەک وەکو ئەوەی دوێنێ ڕووی دا، یەکسەر بخرێتە دەنگدانەوە.''

قائید میرۆ