Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شیروان حەیدەری: کۆبوونەوەی پەرلەمان ھێزێکی زیاتر بە ڕیفڕاندۆم دەدات

هەولێر-KDP.info-  پسپۆڕێکی یاسا پێی وایە دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان ھێزێکی زیاتر بە ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی دەدات و دەشڵێت، پەرلەمان لەم قۆناغەدا ڕۆڵی زۆری دەبێت بۆ باشترکردنی ژیانی ھاووڵاتییان.

(شیروان حەیدەری)، وەزیری پێشووی داد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بڵاوبوونەوەی ھەواڵی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان کاریگەریی لەسەر جەماوەری کوردستان ھەیە و پێم وایە کاراکردنەوەی پەرلەمان لەم قۆناغەدا گرینگیی خۆی ھەیە، چونکە ھیچ بیانوویەک بۆ پرسە یاسایییەکان ناھێڵێتەوە و لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراق و جیھان دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان ڕۆڵی دەبێت، بەتایبەت کە ھەرێمی کوردستان چەند ڕۆژێکی کەمی لەبەردەمدا ماوە بۆ ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی، زۆر کەس و لایەن باسیان لەوە دەکرد، ئەگەر پەرلەمان دەستبەکارەکانی بکاتەوە، ئەوە ھێزێکی دیکە بە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم دەبەخشێت.''

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوی کردەوە، ڕێژەیی یاساییی ئیمزا بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان کۆ کراونەتەوە و بڕیارە سبەی، پێنجشەممە، پەرلەمانی کوردستان کۆ ببێتەوە.

(شیروان حەیدەری) دەشڵێت: ''پەرلەمان وەک دەزگەیەکی یاسادادان و چاودێری لەم قۆناغەدا زۆر ئەرکی گرینگی لەبەردەمدایە، لەوانەش دەرکردنی ژمارەیەک پڕۆژەیاسا، ھەروەھا باشترکردنی بژێویی ژیانی ھاووڵاتییان، چونکە ئەگەر پەرلەمان لە کۆبوونەوەکانی بەردەوام بێت، پەرلەمانتاران ھەست بەوە دەکەن، ھاووڵاتییان بە ھۆی قەیرانی ئابوورییەوە ڕەوشیان خراپە و پەرلەمان دەتوانێت بە دەرکردنی ھەندێ بڕیار و یاسا کار بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک بکات، جگە لەو ڕۆڵە گرینگەی چاودێری بەسەر دامودەزگەکانی حکوومەتدا دەکات.''

قائید میرۆ