Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

چاودێرێکی سیاسی: وڵاتان شەرعیەت دەدەنە سەربەخۆیی کوردستان

هەولێر-KDP.info- چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ھەلێکی زێڕین بۆ کورد ھاتووەتە پێش، بۆ ئەوەی سەربەخۆ بێت، بۆیە پێویستە ھەر تاکێکی کورد ڕۆژی دەنگدان بچێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بە بەڵێ دەنگ بدات، چونکە ئەگەر کوردستان سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت، زۆرێک لە وڵاتان خۆیان ئامادە کردووە، بۆ ئەوەی ددان بە دەوڵەتی کوردستاندا بنێن و مامەڵەی لەگەڵ بکەن.

چاودێری سیاسی و ماموستای زانکۆ (د. ساڵح مەلاعومەر عیسا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ڕۆژ بە ڕۆژ لە ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم نیزیکتر دەبینەوە و ئەوانەی باسیان لەوە دەکرد، کێشە بۆ ھەرێمی کوردستان دروست دەبێت، وتەکانیان ھەمووی بە درۆ دەرچوو. تەنانەت ئەوانەی کە باسیان لەوە دەکرد، دژایەتیی پرۆسەی ڕیفراندۆم دەکەن، خۆیان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی کە دەوڵەتی کوردستان دروست بێت و یەکەم وڵات بن ددانی پێدا بنێن و مامەڵە لەگەڵ ئەو دەوڵەتە تازەیەدا بکەین.''

(د. ساڵح مەلاعومەر عیسا) گوتی: ''ئێستا ھەلێکی زێڕین بۆ ھەرتاکێکی کورد دروست بووە بۆ ئەوەی لە ڕۆژی ٢٥/٩دا بچێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بە بەڵێ دەنگی خۆی بدات و دەوڵەتی کوردستان لەسەر دەستی ئەوان دروست ببێت. چونکە دەوڵەت بە خەڵک دروست دەکرێت، بۆیە پێویستە ئەمە لەدەست خۆیان نەدەن و مێژوویەک بۆ خۆیان تۆمار بکەن و دیاریشە ھەر بەو شێوەیە دەبێت، چونکە دەبینین خەڵک چەند بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری لە بانگەشەی ڕیفراندۆمدا دەکەن.''

(د. ساڵح مەلاعومەر عیسا) ڕوونیشی کردەوە: ''ئەو وڵاتانەیشی کە دەیانویست ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان بکەن و مامەڵەی لەگەڵ بکەن و عێراق کێشەی بۆ دروست دەکردن، بە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان ئیتر ئەو کێشانەیان نامێنێت و ڕاستەوخۆ پێوەندی بە کوردستانەوە دەکەن.''

(د. ساڵح مەلاعومەر عیسا) زیاتر گوتی: ''ئێستا ھەر کێشەیەک لە عێراق دروست دەبێت، کاریگەریی بەسەر ھەرێمی کوردستانەوە دەبێت، بەڵام کە ھەرێمی کوردستان ڕیفراندۆم ئەنجام بدات و سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت، ئیتر کێشەکانی عێراق، کە بە بەردەوامی ھەن، ھیچ کاریگەرییان بەسەر ئێمەوە نامێنێت و ئێمە سەربەخۆ دەبین و بە شێوەیەکی سەربەخۆ مامەڵە دەکەین.''

ماموستای زانکۆ لە سلێمانی، مامۆستا (کەیوان ئازاد)یش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە پرۆسەیەکی نیشتمانی و نەتەوەیی، وەکو سەربەخۆییی کوردستاندا، نابێ نەتەوەیەکی وەکو کورد، کە سەدان ساڵە خەبات دەکات بۆ سەربەخۆیی، لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا بڵێت نەخێر، ئەمە لە ڕووی نەتەوەیییەوە ھەڵەیەکی گەورەیە، چونکە قۆناغی ئێستا قۆناغی سەربەخۆییی کوردستانە.''

(کەیوان ئازاد) گوتیشی: ''کورد میللەتێکی مردوو نییە، کە لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا بە بەڵێ دەنگ نەدات، چونکە هەرچەند کێشەیشی ھەبێت پشتگیری لە پرسە نەتەوایەتییەکان دەکات، لەبەر ئەوەی ھاووڵاتی باج و قوربانیی بۆ ئەو خاکە داوە، بۆیە بە پێی مێژووش لە ناو کورددا ھاووڵاتی چەقی بڕیار بووە.''

بڵند ئیبراھیم