Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"داوایان کرد دەوڵەتی ڕووسیا ددان بە مافی ڕەوای گەلی کورددا بنێت"

رووسیا-KDP.info- کوردانی رووسیا لە چالاکییەکانیان بۆ پاڵپشتیی لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان بەردەوامن و داوایشیان لە دەوڵەتی رووسیا کرد ددان بە مافی ڕەوای گەلی کورددا بنێت.

کار و چالاکییەکانی کوردانی سۆڤییەت لە چوارچێوەی پشتگیرییەکانی پرۆسەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییی کوردستاندا، کە بریارە ٢٥/۹/۲٠۱۷ ئەنجام بدرێت، بەردەوامە. لە ڕێکەوتی ۱۲/۹/۲٠۱۷دا فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی وڵاتانی سۆڤییەتی کۆن لقی شاری سان‌پترسبورگ و کوردانی دانیشتووی ئەم شارە مێزگردێکیان ساز کرد بۆ پشتگیری لە ڕیفراندۆم و لە مێزگردەکەدا ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی کوردانی ئێزدی و موسڵمان و ڕووس بەشدارییان کرد.

جیگیری سەرۆکی کۆمەڵە کوردییەکان، سەرەتا پوختەیەکی دەربارەی پەیوەندییەکانی کوردستان و بەغدا بۆ میوانان باس کرد، کە چۆن بەغدا لە ماوەی ڕابردوودا پابەندی دەستوور و یاسا و ڕێنمایییەکانی حکوومەت لەسەر دامەزراوەی عێراقی نوێ نەبووە و لە کاتی شەڕی دژ بە داعشدا گەمارۆی ئابووری و سەربازیی خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان، ئەمە جگە لە جێبەجێنەکردنی ماددەی ١٤٠ و ڕەچاونەکردنی مافی کورد لە ناو سوپای عێراقدا.''

ئەندامی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی ڕووسیا و بەرپرسی لقی سان‌پترسبورگ (بارزانی نەبەیڤ) ئاماژەی بەوە کرد کە "میوانان هەر کەس و بە جۆرێک بیروڕای خۆیان دەربڕی سەبارەت بە ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان لە داهاتوودا، بە شێوەیەک کە بە تێکڕای دەنگ سوور بوون لەسەر ئەوەی کورد و کوردستان مافی خۆیەتی ڕیفراندۆم ئەنجام بدات و کوردستان ببێتە خاوەنی دەوڵەت. هەروەها بەشداربوان لە ڕێگای ڕۆژنامەنووسان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی یادداشتێکەوە داوایان کرد، دەوڵەتی ڕووسیا ددان بە مافی ڕەوای گەلی کورددا بنێت، هەروەک سەرۆک (پووتین) داوای گرەنتیی مافی کوردی کرد لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا.''

کاروان باعەدری