Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هێمن هەورامی: ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی، سەقامگیری بۆ ناوچەکە دێنێت

هەولێر-KDP.info- (هێمن هەورامی) لە پێشوازیی بەرپرسی بەشی سیاسیی سەفارەتی کەنەدادا ڕایگەیاند، ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان سەقامگیری بۆ ناوچەکە دێنێت.

(هێمن هەورامی)، بەرپرسی بەدواداچوونی کاروباری سیاسی و پێوەندییەکانی مەکتەبی سەرۆک، لە دیداریدا لەگەڵ (زەینەب علییاڤا)، بەرپرسی بەشی سیاسیی سەفارەتی کەنەدا، ڕایگەیاند: ''گەر گشتپرسی بۆ سەربەخۆییی کوردستانی عێراق نەبێت و ئەم سەرخۆبوونەش نەبێتە زامنی بەرەوپێشبردن و سەقامگیریی خودی دەوڵەتەکە و ناوچەکەش، ئەم هەموو قوربانییەی لە پێناودا نەدەدرا.''

(هەورامی) ڕەوشی سیاسیی ناوچەکە و عێراق و بەتایبەتی پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغدای بۆ شاندی ناوبراو خستە ڕوو و گوتی: ''ئێستا بڕیار لای گەلی کوردستانە و هیچ جۆرە سازشێک لە  دواخستنی ڕیفراندۆمدا ناکرێت، چونکە گەر خوێندنەوەیەکی واقعیانە بۆ پرسی ڕیفراندۆم بکرێت، ئەوا دەردەکەوێت، کە ئەم پرۆسەیە پەڕاندنەوەی ناوچەکەیە بەرەو سەقامگیریی زیاتر.''

(هێمن هەورامی) باسی لە ڕوشی سیاسیی ناوخۆی کوردستان کرد و رایگەیاند: ''هەموو لایەنەکان لە دانیشتندان بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و سەرخستنی پرسی ڕیفراندۆم.''

(زەینەب علییاڤا) خۆشحاڵیی خۆی بۆ خستنە ڕووی دواپێشهاتەکان لە زاری (هەورامی)یەوە دەربڕی و هیوای خواست لە ڕێگای دانوستان و گفتوگۆوە بیروڕا جیاوازەکان یەک بخەنەوە.