Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

زاخۆیییەکان؛ نیشانی جیهانی دەدەین کە چەندە تامەزرۆی سەربەخۆیین

زاخۆ-KDP.info- بڕیارە سبەی، پێنجشەممە، لە یاریگای (بارزانی نەمر) لە سەنتەری شاری زاخۆ کەرنەڤاڵێکی جەماوەریی فراوان بۆ پشتیوانیکردنی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی بەڕێوە بچێت و ڕێکخەری کەرنەڤاڵەکەش دەڵێت، سبەی زاخۆ بۆ کوردستان و جیھانی دەسەلمێنێت، چەندە پەرۆشە بۆ سەربەخۆیی.

(شڤان شێخۆ)، ڕێکخەری کەرنەڤاڵی قەزای زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''چەند ڕۆژێکە لە سنووری قەزای زاخۆ دەست بە بانگەشەی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆییی ھەرێمی کوردستان کراوە و ڕۆژانە چەندین چالاکی بەڕێوە دەچن. بڕیارە سبەی، پێنجشەممە، لە یاریگای (بارزانی نەمر)، لە سەنتەری قەزای زاخۆ، کەرنەڤاڵێکی جەماوەریی بەرفراوان بۆ پشتگیریی ڕیفڕاندۆم بەڕێوە بچێت و تێیدا خەڵکی قەزای زاخۆ بە ھەموو ڕەنگ و دەنگی جیاوازەوە، بەشداریی کەرنەڤاڵەکە دەکەن و پەیامی شاری زاخۆی کوردپەروەر بە جیھان دەگەیەنن، بۆ ئەوەی  بە جیھان بڵێین، لە ڕابردوودا زۆرمان قوربانی داوە بۆ سەربەخۆیی و گەیشتن بە ئاوات، ئێستاش کاتی بڕیاردانی میللەتە.''

(شڤان شێخۆ) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''لە کەرنەڤاڵی زاخۆدا جەماوەرێکی بەرچاو بەشداری دەکات و ژمارەیەک گەورەھونەرمەندی ھەرچوارپارچەی کوردستان بە سروود و گۆرانیی نیشتمانی بەشدار دەبن. جگە لەوەش، چەندین چالاکیی دیکە لە چوارچێوەی کەرنەڤاڵی زاخۆدا ھەن و چۆن لە ڕابردوودا زاخۆ پێشەنگ بووە لە قوربانیدان و پێشکەشکردنی خوێنی ڕۆڵەکانیدا، بەیانیش بە ھەمان ئەندازە پێشانی کوردستان و جیھانی دەدەین، کە زاخۆیی چەندە پشتگیریی ڕیفڕاندۆم دەکەن.''

قائید میرۆ