Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سۆران سێوکانی: "ئەوانەی لە سلێمانی خەڵکیان هان دابوو، شکستیان برد"

 

سلێمانی-KDP.info- چاودێرێكی سیاسی ڕایگەیاند، سلێمانی لەگەڵ "بەڵێ"ـدایە بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و، گردبوونەوەكەی گرووپی "نەخێر"ـیش سەلماندی، ئەو شارە ناكەوێتە ژێر كاریگەریی "جاش و خۆفرۆشەكان."

 

(سۆران سێوكانی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "سلێمانی بە هەمووانی گوت كە ئەو شارە هیی ئەوە نییە بۆ جاشایەتی گرەوی لەسەر بكرێت و، بەپێی زانیارییەكانیش جگە لەو كۆمەڵە خەڵكەی گردبوونەوەكەیان لە یاریگای سلێمانی ئەنجام دابوو، لێرە و لەوێیش كەسانێكی سیاسی هاووڵاتیانی سلێمانییان هان دابوو تا بەشداریی ئەو گردبوونەوەیە بكەن، بەڵام شكستیان خوارد."

(سێوكانی) گوتیشی، "هاووڵاتیانی سلێمانی مەسجێكی بەهێزیان بە گوێی گرووپی نەخێر دادا، كە خەڵك ناكەوێتە شوێنیان، بۆیە خەڵك شۆڕشی بێدەنگیی ئەنجام دا و بە هەموو لایەنەكانی گوت، سلێمانی لەگەڵ (بەڵێ)ـیە بۆ ڕێفراندۆم، بە ڕای منیش زیاتر لە 70%ـی هاووڵاتیان ڕۆژی 25ـی ئەیلوول بە (بەڵێ) دەنگ بۆ ڕیفراندۆم دەدەن."

ئەو چاودێرە سیاسییە دەشڵێت، "ئەو حزبانەی كە تا ئێستا خۆیان یەكلا نەكردووەتەوە لە پرسی ڕێفراندۆمدا، بێگومان هەوادارانیان دەنگ بە (بەڵێ) و، مەحاڵیشە هاووڵاتیی كورد بتوانێت بڕواتە سەر سندووقی دەنگدان و بڵێت دەوڵەتی كوردیم ناوێت."

 

هێڤیار هەڵەبجەیی