Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گەڕاندنەوەی ماف

زكری مووسا
سەربەخۆییی گەلی كوردستان ئەوەندە ڕەوا و حەقانییە هیچ لۆژیكێك ناتوانێ لەبەرانبەریدا خۆی بگرێت. ئەوە دنیای ئازاد و ئەمەریكا و ئەوروپایش زۆر چاك دەیزانن، هیچ كام لەو وڵاتانە ئەو جورئەتەیان بە خۆیان نەداوە بڵێن گەلی كوردستان ئەو مافەی نییە داوای سەربەخۆیی بكات. تەنیا كێشەیان ئەوەیە كە ڕەنگە ئەم ڕووداوە ناسەقامگیری لێ بكەوێتەوە و لەگەڵ پلانەكانیان ناكۆك بێت.
دوژمنكاریی ئێرانییەكان و توركە نەژادپەرست و عەرەبە شۆڤینییەكانیش ناتوانێ بەسەر ڕەوایەتیی ئەو مافە ئیلاهی و ئینسانییەدا سەربكەوێ. لۆژیكی داگیركار بۆ ئینكاری ئەو مافە پووچ و نائینسانی و شكستخواردووە. ئەوان وەك داگیركار و بەپێی سرووشتی نكۆلیكار و خۆبەزلزانیان هەتا دەتوانن دژایەتی دەكەن و كۆسپ دەنێنەوە و هەڕەشە دەكەن بۆ ئەوەی ئیرادەی گەلی كوردستان تێكبشكێت لە داواكردنی مافێكی لەڕادەبەدەر ڕەوا و سرووشتی.
نە جیهان و نە عەقڵیەتی داگیركار هیچ كات سەربەخۆیی پێشكەشی گەلی كوردستان ناكەن. ئەوە گەل كوردستان و ئیرادەكەیەتی سەربەخۆیی دەسەپێنێ و دەیكاتە ئەمری واقع. ئەوە ئێمەین ڕەوایەتی بەو مافە دەدەین نەك كەسێكی تر. بۆیە مسۆگەركردنی ئەو مافە تەنیا و تەنیا لە دەستی خۆمانە.
ئەگەر بمانەوێت و ئیرادەمان بەهێز بێت،
ئەگەر ئەژنۆمان نەلەرزێت و لەبەرانبەر هەڕەشەی پووچ و بێهوودەدا خۆمان بەدەستەوە نەده‌ین، ئەگەر دەستبەرداری خۆبەبچووكزانین و ناوچەگەرێتیی كۆنەپەرستانە بین، ئەگەر بیر لە نەوەكانی داهاتوو بكەینەوە و خوێنی سەدانهەزار شەهید و قوربانیمان لەبەرچاو بێت، ئەگەر بمانەوێ و نەترسین و دەنگ بدەین، بە دڵنیاییەوە سەربەخۆیی لە نێو دەستمانە و جیهانیش سەری نەوازش دەنوێنێ و ستایشمان دەكات و داگیركاریش وەك ئەمری واقع قبووڵی دەكات.
نابێ بترسین، نابێ شەڕی دەروونی و هاشوهووشی ڕاگەیاندن و پڕۆپاگەندە و درۆودەلەسەی نەیاران ئیرادەمان تێكبشكێنێ و تەسلیم بین. ئێستا شەڕ شەڕی ئیرادەیە، شەڕی ئیرادەی گەڕاندنەوەی ماف و بێئیرادەیی و پاشكۆیی. لەم شەڕەدا دەبێ ئیرادەی گەڕاندنەوەی ماف سەربكەوێت.
ئەبێ لە پێشمەرگەوە فێری چاونەترسی بین كە لووتی دڕندەیەكی وەك داعشی شكاند.
دەبێ پرسیار بكەین 1800 ڕۆڵەی ئەو وڵاتە بۆ و بە چ ئیرادەیەك لە شەڕی تیرۆردا گیانی خۆی بەخشی.
ئەوان گیانیان بەخشی، ئێمە تەنیا دەبێ بڵێین بەڵێ بۆ سەربەخۆیی، بەڵێ بۆ شەهیدان.