به‌كر ئه‌حمه‌د ئاكۆ
ده‌وڵه‌تی كوردستان، ده‌وڵه‌تی هاووڵاتی ده‌بێ كه تێیدا هه‌مووان له ئه‌رك و ماف‌دا یه‌كسان ده‌بن، ده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه ده‌بێ و ده‌سته‌ڵاته‌كان تێیدا دابه‌ش ده‌كرێن. به‌و واتایه‌ی ده‌وڵه‌تێكی دیموكراتی فیدراڵی كۆماری ده‌بێ و ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سته‌ڵات تێیدا به شێوه‌ی ئاشتیانه و به ده‌نگی جه‌ماوه‌ر ده‌بێ له ڕێگه‌ی سندووقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه.
ده‌وڵه‌تی هاووڵاتی ده‌بێ، به ناسنامه‌ی نیشتیمانیی كوردستانییه‌وه، به‌ڵام كۆی پێكهاته‌كانی ئه‌م نیشتیمانه به جیاوزیی ئایین و مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌وه، وه‌كچۆن له رابردوو و تا ئێستا پێڕۆیان له ماف و ئازادییه‌كانی خۆیان كردووه و، به‌گوێره‌ی ئه‌و ده‌ستووره نه‌نووسراوه‌یه‌ی كه سه‌رچاوه‌كه‌ی ئه‌خلاق و ویژدان و فه‌رهه‌نگی كورده، له كۆماری فیدارڵی كوردستانیشدا به‌گوێره‌ی ده‌ستووره‌كه‌ی له پاشه‌ڕۆژدا، نه‌ك مافه‌كانیان پارێزراو ده‌بن و په‌راوێز ناخرێن، ده‌چه‌سپێندرێن و به كرده‌نییش له به‌ڕێوه‌بردن و ئیداره‌دانی ئه‌و ناوچانه‌ی لێی نیشته‌جێن، ڕۆڵی گرینگ و شایسته‌یان ده‌بێ.
هه‌ربۆیه ده‌توانین بڵێین، به‌م موزایكه بێوێنه‌یه‌وه، ده‌وڵه‌تی كۆماری فیدراڵی كوردستان، به‌شداریێكی كارا و كاریگه‌ری ده‌بێ له ناوچه‌كه و له جیهاندا به گشتی و، له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش، پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهاندا گرێ ده‌دات و، هاوكار ده‌بێ له پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه و جیهاندا.
سه‌رۆك بارزانی چه‌ندان جار جه‌ختی له‌و بنه‌مایانه كردووه‌ته‌وه و گوتووشیه‌تی، له‌وپێناوه‌دا تێده‌كۆشین و، هیچ تێكۆشانێكیش بێ قوربانیدان سه‌رناكه‌وێ. به‌ڵام، بۆ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی خۆمان بین، ده‌بێ به‌ئامانج بگه‌ین، ده‌نا ئه‌وه‌ی هه‌یشمانه ده‌كه‌وێته به‌ر نه‌شته‌ری بێبه‌زه‌ییانه‌ی سته‌مكارانی ناوچه‌كه و ڕیسه‌كه‌مان لێ ده‌كه‌نه‌وه به خووری.
هه‌موومان باش ده‌زانین كه به تایبه‌ت وڵاتانی كوردستانیان به‌زۆر پێوه لكێندراوه، له‌مپه‌ر له به‌رده‌م ئامانجی له‌مێژینه‌مان كه وا خه‌ریكه ده‌بێ به ئه‌مری واقیع كه ده‌وڵه‌تی هاووڵاتییه، دروست ده‌كه‌ن. چونكه چاك ده‌زانن گرینگ‌ترین و سه‌ختترین ئه‌و قۆناغانه‌ی گه‌لی كوردستان پێیدا ڕه‌ت ده‌بێ كه راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ته، وه‌رچه‌رخانه له سیستێمكی نادیموكراتیی ناوچه‌ییه‌وه بۆ سیستمی دیموكراتیكی نوێ، سیتمێك كه تێیدا پاراستنی ماف و ئازادیی دانیشتوانی و فره‌یی و دادی كۆمه‌ڵایه‌تی به بنه‌ما ده‌گیرێ.
سته‌مكاران باش ده‌زانن 25 ساڵه كورد له باشووری كوردستاندا و به كهموكوڕییهكانییهوه ئیداره‌ی خۆی ده‌كات، ده‌زانن به كرده‌نی ده‌وڵه‌ت بووه. ده‌وڵه‌ت بووه له نێو ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌دا كه سه‌روه‌رییه‌كه‌ی لێ زه‌وت كراوه. باشیش ده‌زانن بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌و سهرهوهرییه، هه‌وڵدان و هه‌نگاونانی جیددى له بڕیاره‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستاندا به‌رجه‌سته بووه كه ده‌ڵێ، گه‌لی كوردستان نایه‌وێ چی دی له په‌راوێزدا بمێنێته‌وه. نایه‌وێ چی دی له سایه‌ى خۆسه‌پاندنی داگیركه‌رانی كوردستاندا خاوه‌نی شوناسی خۆی نه‌بێ و تا هه‌تایه له‌گه‌ڵ مه‌ترسییه‌كانی ئه‌نفال، كیمیاباران و فه‌رمانی قڕكردندا به‌ره‌وڕوو بێ، نایه‌وێ چی دی كۆیله و ژێرده‌سته‌ى داگیركاران بێ.
به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م راستیانه‌ی سه‌ره‌وه، ده‌نگدان بۆ سه‌ربه‌خۆییی یه‌كجاره‌كی كه له 25ی ئه‌م مانگه‌دا به‌ڕێوه ده‌چێ، سه‌رخستنی ئیراده‌ی گه‌لی كوردستانه، بڕیاردانه له مافی چاره‌نووس و، گوزارشته له‌وه‌ی كه تاكه‌كانی ئه‌م كوردستانه خۆیان به‌كه‌متر له گه‌لانی دیكه نازانن و ده‌ڵێن هه‌ین. سه‌ركه‌وتنی ئیراده‌ی كوردستانیانه به‌سه‌ر بژارده‌ی خۆبه‌كه‌مزان و كرێگرتهكاندا كه قه‌ت به‌راورد ناكرێ، قوربانیدان و تێكۆشانی دهیانساڵهشیان، پاش هه‌ژده ڕۆژی دیكه، به‌رهه‌می ده‌بێ كه ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌نی شوناس و سه‌روه‌رییه.