Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی: 25ی 9، یانی راگەیاندنی دەوڵەت.. نابێ كوردانی تاراوگه‌ له‌ ده‌نگدان بێبه‌ش بكرێن

هەولێر-KDP.info-  سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان (مەسعوود بارزانی) ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ توێژى رۆژنامه‌نووسان و هونه‌رمه‌ندان كۆبوویه‌وه‌ و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە رۆژی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان لە دوای راپرسییدا رایگەیاند، رۆژی 25-9 کە دەنگدان بە سەربەخۆیی دەدرێ بە واتایی راگەیاندنی دەوڵەتە، بەڵام دوای ئەوە گفتوگۆ لەبارەی پرسی سنوور و نەوت و پرسگەلی دیکەوە لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبێ.

(سه‌رۆك بارزانى) له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا رایگەیاند، ئه‌نجامدانى راپرسى دژى بنه‌ما نێوده‌وڵه‌تییه‌كان نییه‌ و مافى چاره‌نووس مافێكىى ئاسایى و یاساییه‌ به‌ گوێره‌ى هه‌موو به‌ڵگه‌نامه‌ یاساییه‌كان و هیچ كارێكمان نه‌كردووه‌ له‌ دژى یاساى نێوده‌وڵه‌تى بێت، ئه‌وانه‌ى ئێستا نیگه‌رانن له‌ ریفراندۆم، ده‌بوایه‌، زۆر پێشتر بێنه‌ ده‌نگ و قسه‌ بكه‌ن، ریفراندۆم نه‌ كارتى فشاره‌ و نه‌ موزایه‌ده‌یه‌.
روونیشیكرده‌وه‌، چوونه‌وه‌ى كورد بۆ به‌غدا به‌ دڵپاكى هه‌ڵه‌ بووه‌، لێره‌دا دانى پێداده‌نێم هه‌ر 2003 چووینه‌وه‌ به‌غدا به‌و دڵپاكییه‌ هه‌ڵه‌ بووین.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تا ئێستا 55 مادده‌ى ده‌ستوورى پێشێل كراون و به‌ بیریشم نایه‌ت هیچ رێككه‌وتنێكمان جێبه‌جێ كرابێت. بۆ نموونه‌ رێككه‌وتین له‌سه‌ر ره‌شنووسى یاساى نه‌وت و غاز، نه‌یان كرد، رێككه‌وتین له‌سه‌ر بودجه‌ و پڕچه‌ككردنى پێشمه‌رگه‌، ئه‌وان نه‌یانهێشت یه‌ك فیشه‌كیش بۆ پێشمه‌رگه‌ بێت. ئێستاش له‌ شه‌ڕى مووسڵ رێككه‌وتنى زۆرمان كردن و تا ئێستا باسمان نه‌كردووه‌، به‌شێك له‌ حه‌شدییه‌كان گوێ به‌ قسه‌ى كه‌س ناده‌ن و پێشێلكارى زۆر زۆر گه‌وره‌یان كردووه‌.

(سه‌رۆك بارزانى) گوتیشى: ئێستا عێراق نه‌ كۆمارییه‌ و نه‌ په‌رله‌مانییه‌ و نه‌ دیموكراتییه‌ و بووه‌ته‌ حكوومه‌تێكى تائیفى مه‌زهه‌بى، ئه‌گه‌ر سیستمى سیاسى عێراق به‌ زۆرینه‌ بێت، كورد له‌ هه‌موو شتێكدا دۆڕاوه،‌ چونكه‌ هه‌میشه‌ كورد كه‌مینه‌ ده‌بێت له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌راندا.
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئاشكرایشی کرد، له‌م ماوه‌یه‌دا فشارێكى زۆر هه‌بوو بۆ دواخستنى ریفراندۆم چ له‌ لایه‌ن هاوپه‌یمان و وڵاتان و كه‌سانى دۆسته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان هیچ جێگره‌وه‌یه‌كیان بۆ ریفراندۆم نه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى له‌ 25ى سێپتێمبه‌ر ریفراندۆم بكه‌ین.

(سەرۆک بارزانی) رایگەیاند، ده‌وڵه‌تى كوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى یه‌كسانى و ئازادى و به‌ سیستمى كۆمارى دیموكراتى ده‌بێت. هه‌روه‌ها گوتى: بیر له‌ توندوتیژى ناكه‌ینه‌وه‌ و به‌ خۆشى و به‌ گفتوگۆ ده‌مانه‌وێت سه‌ربه‌خۆ بین، ده‌ستوورى عێراق هیچ ئیعتبارێكى نه‌ماوه‌ چونكه‌ پێشێلكرا و كه‌سیش له‌سه‌رى نه‌هاته‌ ده‌نگ.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە رۆژی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان لە دوای راپرسییدا رایگەیاند، رۆژی 25-9 کە دەنگدان بە سەربەخۆیی دەدرێ بە واتایی راگەیاندنی دەوڵەتە، بەڵام دوای ئەوە گفتوگۆ لەبارەی پرسی سنوور و نەوت و پرسگەلی دیکەوە لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبێ.

(سه‌رۆك بارزانی) ده‌رباره‌ی بڕیاری به‌شداریی كه‌ركووك له‌ راپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆیی و سازدانی كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌و شاره‌دا رایگه‌یاند، وه‌كچۆن مرۆڤ بێ دڵ ناژی، كوردستانیش بێ كه‌ركووك نابێ. كه‌ركووك ناسنامه‌كه‌ی كوردستانییه‌ و ده‌بێ، به‌ڵام شاری عه‌ره‌ب و توركمان و مه‌سیحییشه‌.
هه‌ر له‌و باره‌وه‌ ڕایگه‌یاند، له‌ پاشه‌ڕۆژێكی نزیكدا ئه‌نجوومه‌نی باڵای ڕیفراندۆم له‌ كه‌ركووك كۆبوونه‌وه‌ ساز ده‌دات.
 
هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی داوای كوردانی تاراوگه‌ له‌ بێبه‌شنه‌كردنیان له‌ بڕیاردان له‌ مافی چاره‌نووس له‌ راپرسیدا، (سه‌رۆك بارزانی) رایگه‌یاند، ده‌بێ كارێك بكرێ بۆ ئه‌وه‌ی كوردانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌ مافی ده‌نگدان بێبه‌ش نه‌كرێن.