Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

زەمەن بە تەوقیتی كوردی

ئاریان فەرەج
ساتەوەختێكی جیاوازە. لەشكركێشی و تەپەسەر و كۆمەڵكوژی و برسیكردن كە كاتی خۆیشی كوردیان لە كوردایەتی نەخست، زەمەنیان تێپەڕیوە. زمانی ئینكاری مافی میللەتان لە گۆ كەوتووە و كەس جەسارەت ناكات لەژێر لێویشەوە ئیدیعای بكات. بۆیە لە بەرامبەر بڕیار و ئیرادەی كوردستان بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی، جگە لە (كاتی نییە) هیچ دژایەتی و ناڕەزایی و رستەیەكی دیكە نابیستین. پێداگیری سەرۆك و سەركردایەتیی كوردستان لەسەرئەنجامدانی پرۆسەكە لە كاتی خۆیدا، رۆژ بە رۆژ (كاتی نییە)ش بەرەو كاڵبوونەوە دەبات، بە تایبەت كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یار و نەیار، تەوقیتێكی گونجاوتر لە تەوقیتی كوردی بۆ ریفراندۆم شك نابەن كە قەناعەت بە كورد بهێنێ.
ئیدی هیچ یاسا و شەرع و عورفێكی نێودەوڵەتی نەماوە كەمترین شەرعیەت بە رێگریكردن لە مافی بڕیاردانی چارەنووسی كورد بدات. هەموو كاردانەوەكانمان بینی و لە كاردانەوەی ئاسایی و چاوەڕوانكراو، زیاتر نەبوون. ترساندن و خۆگیڤكردنەوە و شەڕی سایكۆلۆجی و ئیرادەشكاندنمان بینی و هیچیان زەفەریان بە پێداگیریی و ئیسراری كورد و سەرۆك بارزانی نەبرد.
ئێستا ئیدی لە كورد خۆی بترازێ، هیچ هێزێك ناتوانێ رێ لە سەربەخۆییی كوردستان بگرێت. مەگەر كورد خۆی نەیەوێت سەربەخۆ بێت، دەنا كەس ناتوانێ بە ژێردەستەیی بیهێڵێتەوە. ئەوانەی لەودیو سنوورەكانەوە گرەو لەسەر ئەو ئەگەرە دەكەن، زۆر كەمن، زۆریش كەمئومێدن، پێیان وایە دواجار و لەسەر سندووقی دەنگدان، سەرباری ناكۆكی و ناڕەزایی و توڕەیی لە هەلومەرجی ناوخۆ، مەحاڵە كوردگەلێك بە نەخێر بۆ سەربەخۆیی، چارەنووسی وڵات و ئایندەی خۆیان كوێر كەنەوە.
لە نێوخۆدا رۆژ بە رۆژ ئەو قەناعەتە باشتر دەچەسپێ كە سەربەخۆیی ئەجێندا و بەرنامە و بەرژەوەندیی حزبێك نییە. قازانجەكەشی مەحاڵە حزبێك و دوو حزب بیچننەوە. (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی) نە بەڵێیە بۆ وەك خۆ مانەوەی رەوشی نالەباری ئێستا و نە بە نەخێریش قەیران و گرفتە نێوخۆییەكان چارەسەر دەبن. (بەڵێ بۆ سەربەخۆیی) هەم تێپەڕاندنی قۆناغی ئێستای قەیراناویی كوردستانە و هەم كۆتاییهێنانە بە سەد ساڵ ژێردەستەیی. (بەڵێ) هەم نەخێرە بۆ بەردەوامیی رەوشی نالەباری نێوخۆیی ئێستا و هەم نەخێرە بۆ بندەستی و پاشگۆیەتی و بێ ئایندەیی.
لە دەرەوەش رۆژ بە رۆژ قۆناغی ناڕەزایی و تێبینی و تەحەففوز و تەنانەت چاوسووركردنەوەش بەرەو كاڵبوونەوە دەچن. لە جیاتی ئەوە، قۆناغی دەست و پەنجە نەرمكردن لەگەڵ حەتمیەتی سەربەخۆییی كوردستان، سەرەتاتكێ لەگەڵ ساڵنامە و تەوقیتێكی كوردی دەكات، كە بە بیست و پێنجی ئەیلوول دەست پێ دەكات.