Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قۆناغی گفتوگۆی سەربەخۆیی چۆنە؟

سه‌رۆ قادر
وەک دەردەکەوێ، بڕیاری سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان سەبارەت بە سەربەخۆیی، گەیشتە قۆناغێک گفتوگۆ لەسەر کاتی دەکرێ. کەواتە خودی نیازەکە و شەرعیەتی قبووڵ کراوە. وڵاتە زلهێزەکان (بە هەر پێنج ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە) بەتایبەتی ئەمریکا، ڕایانگەیاندووە کە لە ڕەواییی خواستی کوردستانیان بۆ سەربەخۆیی تێدەگەن و لەگەڵیشی هاوسۆزن، بەڵام بە مەرجێک لە شەڕی لەناوبردنی تیڕرر سارد نەکاتەوە، هەروەها کێشەی نوێ لە ناوچەکەدا دروست نەکات.
لە ئەنجامی سەردانی شاندی کوردستان بۆ بەغدا، لەوێیش فایلی گفتوگۆ لەسەر خواستی سەربەخۆیی کراوەتەوە. هێزە عێڕاقییەکان(وەک باس دەکرێ)، سێ ڕای جیاوازن:
1- هەیە لە پرسی سەربەخۆیی تێدەگات و بە مافی کوردستانیشی دەزانێ، بەڵام منگەیەکیان دێ.
2- سوننەکانی عەرەب پاراستنی خۆیان لە کوردستانێکی بەهێزدا دەبیننەوە. لەوەشدا هەندێک قسەیان هەیە.
3- هەیانە تاییفی و شۆڤێنیستە و خۆی بە ستڕاتیژی ئێران گرێ داوە. ئەوانە هەوڵ دەدەن بشێوییەک بنێنەوە، بەڵام گوێیش بۆ ڕای کوردستان ڕادەگرێ.
ئێران و تورکیا بە ئامانج و بەرژەوەندیی جیاواز، لەودیو هەڕەشەکانیانەوە، بواریان بۆ قسەکردن لەگەڵ سەرۆکایەتیی کوردستان(بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی) هێشتووه‌تەوە. تورکیا زۆر لە خەمی بەرژەوەندییە ناوچەییەکانی خۆیدایە کە کلیلیان لە کوردستانە. ئێران پڕکێشیی شەڕیش دەکات، بەڵام دەزانێ ناتوانێ داخلی کوردستان بێت، بۆیە گرینگییەکی زۆر بە هێزە هاوپەیمانەکانی خۆی دەدات چ لە عێڕاق یان لە کوردستان بن.
وەزیری جەنگی ئەمریکا(ماتیس کە بە دۆستی کورد ناسراوە) هاتە کوردستان و دوای کۆبوونەوەیەکی ڕاشکاو لەگەڵ سەرکردایەتیی کوردستان: ڕایگەیاند ئەمریکا و کوردستان لە هاوپەیمانی بەردەوام دەبن. لە گەڕانەوەیدا لە فڕۆکەخانەی هەولێر وێنەیەکی یادگاری لەگەڵ ستافی تەشریفاتی سەرۆکایەتیی کوردستان گرت و بە سەرۆکی ستافەی گوتووە: سەرۆکێکی باش و گەورەتان هەیە، ئاگاتان لێی بێت(واتە بارزانی).
نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا بە جیددی بەدوای چارەسەریدا دەگەڕێن. بارزانییش دەڵێ هەر چارەسەرییەک نابێتە جێگرەوەی ڕیفڕاندۆم تەنیا ''پەیمانێکی نێودەوڵەتی ڕوون کە کات و دداننان بە ئەنجامی ڕیفڕاندۆم دیاری بکات'' نەبێت. ئەوەش بە مەرجێک پێش 25 ئەیلوول ڕابگەیەندرێت، ئەگینا ڕیفڕاندۆم لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت.
تەبایی نێوان هێزەکانی کوردستانی بەرەو باشتر دەچێت و، قەرێنەکان وان کە لەم دوو هەفتەیەدا گۆڕان و کۆمەڵێش بێنە ناو پڕۆسەکەوه‌.
پێویستە بزانین لە قۆناغی یەکەم و بانگەوازی سەربەخۆیی دەرچووین و داخلی گفتوگۆی عێڕاقی و نێودەوڵەتی بووین. سەرۆک بارزانی نەخشەیەکی واقعی داڕشتووە و بە بوێرییەکی ستایشهەڵگر ڕایدەپەڕێنێ. پێویستە هەموو دەنگ و رەنگەکان، بە هەموو جیاوازییەکانەوە، بۆ سەربەخۆیی پشتیوانیی سەرۆک بارزانی بکەن. ڕێگای ترمان نییە. ئەم ڕێگایەش پڕ شانازییە.