Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نەجات عومەر ئاغا: ڕێكخستنی نێوماڵی كورد ئەركی هەموومانە و چارەنووسمان یەكە

هەولێر-KDP.info-  سكرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازیی لە سەرۆکی پارتی پاریزگارانی کوردستان کرد و لە دیدارەکەدا هەردوو لا بڕیاریان دا، پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكرێتەوە و پێكەوە كار بكەن بۆ ڕێكخستنی نێوماڵی كورد.

ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، (فازڵ میرانی)، سكرتێری م.س پێشوازیی لە سەرۆكی پارتی پارێزگارانی كوردستان، (نەجات عومەر ئاغا) سوورچی و شاندێكی یاوەری كرد. لە دانێشتنێكدا، كە هەریەكە  لە (ئازاد بەرواری)،  (مەحموود محەمەد)، (عیزەدین بەرواری) و (ڕێبوار یەلدا)، ئەندامانی م.س و (ڕەمزی شەعبان)، ئەندامی یەدەكی م.س و، (عەلی حوسێن)، ئەندامی سەركردایەتیی پ.د.ك و بەرپرسی پەیوەندییەكانی نیشتمانی و عێراقی ئامادە بوون، وێرای بەخێرهێنانی شاندی مێوان، (فازڵ میرانی) خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەم سەردانە دەربری و دوای ماوەیەكی درێژ و ڕۆشنایی خستە سەر ڕەوشی سیاسی و ئابووری و ڕووداو و پەرەسەندنەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و چوونی شاندی باڵای گشتپرسیی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و قسەكردن لەسەر ڕیفراندۆم لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی عێراق و تەئكیدی كردەوە، كە كوردستان لەبەردەم وەرچەرخانێكی مێژووییدایە و گرینگە لایەنە سیاسییەكان زۆر بە هەستیارانەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە بكەن، بۆ ئەوەی گۆڕانكارییەكان لە بەرژەوەندیی كوردستانیاندا بێت و بۆ ئەم مەبەستەش ڕێكخستنی نێوماڵی كورد بە لای پارتییەوە زۆر گرینگە، كە دەبێتە بنەمایەكی گرینگ بۆ پاراستنی دەستكەوتەكان و بەدیهێنانی ئامانجە ڕەواكان، لەبەر ئەوە ئێمە هەموومان لە پاپۆرێكداین و چارەنووسمان یەكە. (میرانی) لە قسەكانیدا ئاماژەی بەوە دا، كە زۆر گەشبینە بە هەوڵەكان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسیی گۆنجاو بۆ نەمانی كێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی كوردستان و بارودۆخی ئێستا ئەمە دەخوازێت كە هەموومان نێوماڵی كورد ڕێك بخەین.

دواتر سكرتێری م.س تەئكیدی كرد، كە پرۆسەی گشتپرسی مافێكی ڕەوا و سروشتیی هەموو گەلێكە بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆی و ئەم مافە لە هەموو یاساكانی نێودەوڵەتیدا دیاری كراوە و ئێمەی كوردیش خاونی ئەم مافەین لەم جیهانەدا و ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی كورد دژی هیچ لایەك نییە و دەبێتە هۆی سەقامگیرتربوونی ناوچەكە.

لە لای خۆیەوە، (نەجات عومەر ئاغا سوورچی) خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ ئەم دیدارە و سوپاسی ئەم پێشوازییە گەرمەی كرد، كە لێیان كراوە و، جەختی لەوە كردەوە كە ڕێكخستنی نێوماڵی كورد ئەركی هەموومانە، چونكە چارەنووسمان یەكە و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی، كە پاش ماوەیەكی درێژ ئەم دیدار و سەردانە ڕێك خرا، كە بە دەستپێشخەریی بەرێز كاك (مەسعوود بارزانی) بووە. لە كۆتاییدا هەردوو لا بڕیاریان دا، پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكرێتەوە و پێكەوە كار بكەن بۆ ڕێكخستنی نێوماڵی كورد.