Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی؛ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا حیسابی تایبەت بۆ ڕیفراندۆم دەکرێت

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی گوتی، پرۆسەی ڕیفراندۆمی ئەمساڵی ھەرێمی کوردستان جیاواز دەبێت و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا حیسابی بۆ دەکرێت و ژمارەیەکی زۆر ڕێکخراوی نێودەوڵەتیش دێن و چاودێریی ئەو پرۆسەیە دەکەن. گوتیشی، خۆیشیان لە چەند ڕۆژی داھاتوودا دەست بە چالاکیی پشتگیریکردنی پرۆسەی ڕیفراندۆم دەکەن.

رۆژ بە ڕۆژ لە وادەی ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم نیزیکتر دەبینەوە و چین و توێژەکانیش لە ھەرێمی کوردستان زیاتر پشتگیری لەو پرۆسەیە دەکەن و ھەریەکەیان بە شێوەی جیاجیا پشتگیریی خۆیان دەردەبڕن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنییش بڕیاریان داوە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا بە شێوەیەکی چڕوپڕ دەست بە چالاکی بکەن، بۆ ئەوەی پشتگیری لەو پرۆسەیە بکەن.

لەمبارەیەوە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، (د. عەدنان ئەنوەر بەگ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''رێکخراوەکانی ئێمە، وەکو ئەنجومەنی باڵای ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، دەچن ناوی خۆیان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیدا تۆمار دەکەن بۆ چاودێریکردنی ئەو پرۆسەیە و لە سەرەتای مانگی نۆشدا تیمێکی ئەمەریکی دێنە ھەرێمی کوردستان بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی ڕیفراندۆم.''

(د. عەدنان ئەنوەر بەگ) دەشڵێت: ''ئێمە وەکو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە چەند ڕۆژی داھاتوودا دەست بە چالاکی دەکەین بۆ پشتگیریکردن لە پرۆسەی ڕیفراندۆم، وەکو ئەنجامدانی کۆڕ و سمینار و چالاکیی دیکە بۆ پشتگیریکردن لەو پرۆسەیە. ڕاستە ڕێکخراوەکان تەنیا ڕۆڵی چاودێریکردنیان دەبێت، بەڵام ڕیفراندۆم بابەتێکی نیشتمانی و نەتەوەیییە و ئەرکی ھەموو لایەنەکانە کار بۆ سەرخستنی بکەن و خەڵک بە (بەڵێ) دەنگی خۆیان بدەن.''

سەدەیەکە کورد خەبات دەکات و قوربانی دەدات بۆ ئەوەی بگاتە ئاواتی خۆی، کە سەربەخۆییە و تاوەکو ئێستاش بە سەدان ھەزار کورد بۆ ئەو مەبەستە بوونەتە قوربانی و ھەرێمی کوردستانیش بە ھۆی نەبوونی دەوڵەتی خۆیەوە بەردەوام زوڵمی لێ کراوە، لەو بارەیەوە (بەگ )ڕوونی کردەوە: ''ماوەی ١٠٠ ساڵە گەلی کورد خەبات دەکات بۆ ئەوەی بگاتە ئاواتی خۆی، کە سەربەخۆییی کوردستانە، بۆیە ئێمەش وەکو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەمانەوێت ڕۆڵی خۆمان ھەبێت  و ئێستاش چالاکیمان لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێم ھەیە، بەڵام لە سەروبەندی نیزیکبوونەوەی پرۆسەکەدا چالاکییەکانمان چڕتر دەکەینەوە.''

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی باسی لەوەش کرد: ''پرۆسەی ڕیفراندۆمی ئەم جارە وەکو ئەوەی ساڵی ٢٠٠٥ نییە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا حیسابی بۆ دەکرێت، بۆیە ئەمجارە ڕێکخراوی نێودەوڵەتیش دێن و چاودێریی ئەوپرۆسەیە دەکەن.''

بڕیارە ئەمساڵ لە ٢٥/٩دا پرۆسەی ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەڕێوە بچێت، بۆ ئەومەبەستەش ھەموو ئامادەکارییەک کراوە.

بڵند ئیبراھیم