Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شاندی ڕیفراندۆم و هاوپەیمانیی شیعە کۆ دەبنەوە

بەغدا-KDP.info-ئەندامێکی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ  بەغدا ئاشکرای کرد، بڕیارە سبەی کۆبوونەوەیەکی گرینگ لە نێوان ھاوپەیمانیی نیشتمانیی عێراقی و شاندی ھەرێم بەڕێوە بچێت و گوتی، هاوپەیمانیی نیشتمانیی پڕۆژەیەکیان هەیە و شاندی کوردستانیش پڕۆژەی خۆیان هەیە، بۆیە گفتوگۆ لەسەر ئەو پڕۆژانە دەکرێت و دواتر شاندی کوردستان، دەگەڕێنەوە هەرێم بۆ ئەوەی پڕۆژەکان تاوتوێ بکەن، بەڵام بە هەموو لایەکیان ڕاگەیاندووە، کە سوورن لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە وادەی خۆیدا.

شاندێکی حەوت کەسیی ھەرێمی کوردستان کە لە نوێنەری لایەنەکان و پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان پێک ھاتووە، لە ھەفتەی ڕابردووەوە سەردانی بەغدای کردووە، بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەیان لەوەی ھەرێمی کوردستان لە ٢٥/٩ی ئەمساڵدا پرۆسەی ڕیفراندۆم ئەنجام دەدات و، تاوەکو ئێستاش سەردانی شاندەکە لە بەغدا بەردەوامە.

لەمبارەیەوە (ماجد بازرگان) بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''کۆبوونەوەی شاندی ھەرێم لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بەردەوامە و بڕیارە ھەر ئەمڕۆ کۆبوونەوە لەگەڵ چەند لایەنێکی دیکە بکرێت، لەوانە حزبی فەزیلە و بەرەی تورکمانی، چونکە ئەو چەند لایەنە ماون و لەگەڵیان کۆ نەبووینەتەوە.''

(ماجد بازرگان) گوتی: ''لەگەڵ مەرجەعی شیعەکان کۆ بووینەوە، ھەڵوێستی ھەموو لایەنەکان بەگشتی ئیجابییە و تەنھا باس لەوە دەکەن کاتەکەی زووە و ئێمەش کاتەکەی بەگونجاو دەزانین و سوورین لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەکە لە وادەی خۆیدا، بەڵام گەر پڕۆژەیەکیان ھەبێت، ئێمەش گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەکەیان دەکەین.''

(بازرگان) ڕوونی کردەوە: ''بڕیارە سبەی کۆبوونەوەیەکی گرینگ لە نێوان شاندی ھەرێم و ھاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەکاندا بەڕێوە بچێت، کە ئەوان پڕۆژەیان دەبێت و ئێمەش پڕۆژەی خۆمان دەبێت، لێکتێگەیشتنی زیاتر دەبێت و ڕەنگە بگەینە ئەنجامێک، دواتر دەگەڕێینەوە ھەرێمی کوردستان و پڕۆژەکە تاوتوێ دەکرێت و وەڵامیان دەدرێتەوە.''

(بازرگان) باسی لە پڕۆژەکەی ئەوان کرد و گوتی: ''ئەوان پڕۆژەیان ھەیە بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانی خەڵکی کوردستان و بوودجە و بوودجەی پێشمەرگە و سنووری کوردستان و ماددەی ١٤٠ و چەند پرسێکی دیکە و باس لەوە دەکەن، ئێمە شتێک بۆ ئێوە دەکەین، ئێوەش پرۆسەکە دوابخەن، بەڵام ئێمە بڕوامان بە ئەوان نییە و سوورین لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەکە و نامانەوێت، دوای بخەین.''

بڕیارە لە ٢٥/٩ی ئەمساڵدا پرۆسەی ڕیفراندۆم لە ھەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و لە نێو کوردانی تاراوگەدا بەڕێوە بچێت، بۆ ئەو مەبەستەش ھەموو ئامادەکارییەک کراوە.


بڵند ئیبراھیم

Attachments area