Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شوان محەمەد: لەسەر ڕیفڕاندۆم ھەڕەشە لە ھیچ کوردێکی بەغدا نەکراوە

بەغدا-KDP.info-  بەرپرسێکی پارتی لە بەغدا ڕەتی کردەوە لەسەر پرسی ڕیفڕاندۆم ھیچ ھەڕەشەیەک لە کوردانی دانیشتووی شاری بەغدا کرابێت و، دەشڵێت، بەدواداچوونمان بۆ ئەو بابەتە کردووە و ھیچ ماڵێکی کورد ھەڕەشەی لێ نەکراوە، بەڵام ڕەوشی ئەمنیی شارەکە بۆ ھەموو لایەک خراپە.

دوای بڕیاری پارت و لایەنە کوردستانییەکان بۆ ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم، بەشێک لە کوردانی فەیلیی شاری بەغدا ڕایانگەیاند، بە ھۆی بڕیاری  ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆمەوە ھەڕەشەی دەرکردنیان لێ کراوە، لە بەرامبەریشدا (شوان محەمەد تەھا)، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە بە شێوەیەکی مەیدانی بەدواداچوونمان بۆ ئەو پرسە کردووە و لە ھەموو ئەو ناوچانەی بەغدا کە کورد تێیاندا نیشتەجێیە، وەک شەقامی کیفاح و گەڕەکی جەمیلە و شەقامی شێخ عەبدولقادر و شوێنەکانی دیکە، ئێمە نەمانزانیوە ھەڕەشە لە ھیچ ماڵێکی کورد کرابێت، بەڵام ئەگەر قسە لەسەر ڕەوشی ئەمنیی بەغدا بەگشتی بکەین، ناتەندروستە و ئەمەش ھەموو لایەک دەگرێتەوە، نەک تەنیا کورد.''

ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات: ''ھەندێک لە کوردانی دانیشتووی بەغدا، کە ئێستا دانیشتووی ھەرێمی کوردستانن، لێدوان لەبارەی ھەڕەشەکردن لە کوردانی بەغدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەدەن، گوایە لەسەر ڕیفڕاندۆم ھەڕەشە لەسەر کوردانی دانیشتووی بەغدا ھەیە.''

بەرپرسی لقی پێنجی پارتی بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت: ''پێمان سەیرە لە ھەرێمی کوردستانەوە ھەندێ کەس بە ناوی کوردانی فەیلی لێدوان دەدەن، بێ ئەوەی خۆیان لە بەغدا بژین.''

ناوبراو ئاماژە بەوەش دەکات: ''لە دوای بڕیاری سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و دیاریکردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم، ھیچ کوردێک بە ھۆی ھەڕەشەکردنەوە ئاوارە نەبووە و ھەڕەشەش لە کەس نەکراوە، گەڕەکی سەدر و گەڕەکی شەعر زۆرترین کوردیان تێدایە و کەسیش ھەڕەشەی لێ نەکراوە، لە مانگی ڕابردوودا چەندین حاڵەتی ڕفاندن لە نێو شاری بەغدا ھەبووە، یەک کوردیشی تێدا نەبووە.''

دەربارەی سەرچاوە و مەبەستی ئەو لێدوان و دەنگۆیانەی باس لە ھەڕەشەکردن لە کوردانی بەغدا دەکەن، (شوان محەمەد تەھا) پێی وایە: ''ئەوانەی بە ناوی کوردانی فەیلی و کورد بە گشتی لێدوان دەدەن، کە گوایە لە بەغدا ھەڕەشە لەسەر کورد ھەیە، دەیانەوێت نان و پیازێک بەو پرسەوە بخۆن.''

بەرپرسی لقی پێنجی پارتی گوتیشی: ''ئەوانەی لە کوردستانن دەیانەوێت زیاتر گرینگییان پێ بدرێت و ئەوانەیشی لە بەغدان نیازی ئەوەیان ھەیە حەشدێک بۆ خۆیان دروست بکەن.''


قائید میرۆ