Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەبدولڕەحمان مستەفا: لە کەرکووک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ریفڕاندۆم سەردەکەوێت

 
کەرکووک-KDP.info- پارێزگاری پێشووی کەرکووک دەڵێت، ریفڕاندۆم ئامانجێکی نیشتیمانی ھەموو لایەنە سیاسیەکانە و پێویستە ھەموو لایەنەکان کار بۆ سەرخستنی ئەو ئامانجە بکەن.
 
لە پڕۆسەی ریفڕاندۆمدا ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەشداری دەکەن و خەڵکی ئەو ناوچانەش دەیانەوێت لە رێگەی ریفڕاندۆمەوە بگەڕێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان.
 
(عەبدولڕەحمان مستەفا)، پارێزگاری پێشووی کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "بۆ سەرخستنی ریفڕاندۆم و گەیشتن بە سەربەخۆیی، پێویستە یەکڕیزی و ھەماھەنگی له‌ نێوان لایەنە سیاسیەکاندا ھەبێت و یەک دەنگ و یەکدەست بین، تاوەکو ئەو دەرفەتە زێڕینە لە دەست نەدەین"، پێشی وایە یەکنەگرتن و دواخستنی پڕۆسەی ریفڕاندۆم زۆر دوامان دەخات، هەر بۆیە دەشڵێت، "پێموایە کاتی ئەوە ھاتووە، ھەموومان پێکەوە بەرەو ریفڕاندۆم بچین و بە (بەڵێ) دەنگ بۆ سەربەخۆییمان بدەین".
 
ریفڕاندۆم پڕۆسەیەکی دیموکراتییە و ھەر کەسێک ئازادە چۆن بەشداری دەکات، بەڵام پارێزگارەکەی پێشووی شاری کەرکووک، دەڵێت، "بۆ ئێمە زۆر گرنگە کار بۆ سەرخستنی بکەین و بە ھەموو توانایەکەوە دەنگی بۆ بدەین"، ناوبراو هیوا دەخوازێت لە رۆژانی داھاتوودا ئەو کێشە نێوخۆییانەی ھەیە چارەسەر بکرێن و، ھەموو لایەنە کوردستانیەکان بەرەو یەک ئامانج ھەنگاو بنێن، کە من دڵنیام لە کەرکووک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ریفڕاندۆم سەردەکەوێت".
 
قائید میرۆ