Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

محەممەدی حاجی مەحموود: دوای ڕیفراندۆم داواى سەربەخۆیی دەکەین.. ھەرێم دەستی له‌ یەدەگی نەوت نه‌داوه‌

 
سلێمانى-KDP.info- سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ده‌ڵێ، ھەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە نەوت و گاز و دەستی له‌ یەدەگی نەوتی نه‌داوه‌، ئەمەش وای کردووە کە کوردستان پێگەی جیاوازبێت لە ناوچەکە و حسابی تایبەتی لەگەڵ بکرێت ده‌شڵێ، ڕیفراندۆم پرسێکی نەتەوەییە و ھیچ حزبێکیش لەدژی نییە و دوای ڕیفراندۆمیش داواى سەربەخۆی دەکەین.
 
(محەممەدی حاجی مەحموود)، سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتى، "ڕیفراندۆم لەکات و ساتی خۆیدا دەکرێت و، ھیچ قسەیەک لەسەر کاتەکەی نییە و لە کۆبوونەوەی ھێزە سیاسییەکانی کوردستانیش بە کۆیی دەنگ بڕیاری لەسەر دراوە، بۆیە ئێمە دوای ڕیفراندۆم داواى سەربەخۆی دەکەین، چونكه‌ مامەڵەی دیکەی لەگەڵ دەکرێت، ئەو کاتە وەک سەربەخۆیی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و ناگەرێینەوە بەغدا، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرژەوەندی تاسەری ھەیە، لەو ناوچەیه‌ش ھەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە نەوت و گاز، خۆشبه‌ختانه‌ش کوردستان دەستی له‌ یەدەگی نەوتی نه‌داوه‌، وڵاتانی دەوروبەر دەستیان لێداوە، ئەمە وای کردووە کە کوردستان پێگەی جیاواز بێت لە ناوچەکە و حسابی تایبەتی لەگەڵ بکرێت، رەنگیشە لە داھاتوودا بڕیاری خۆمان لەگەڵ عێراق بدەین و ئەو کاتە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان کۆ دەبێتەوە و بڕیاری خۆی دەدات".
 
(محەممەدی حاجی مەحموود) گوتیشى، "ھەندێک لە حزبەکان ھەوڵ دەدەن کە ھەڵبژاردن دوابکەوێت و پەرلەمان درێژ بکرێتەوە، پرسیار لە ھەرحزبێکیش بکەى دەڵێن بەئاسانی ھەڵبژاردن ناکرێت، بەڵام بەگشتی پێیمان خۆشە لەکاتی خۆی ھەڵبژاردن بکرێت و (بارزانى)ش فەرمانی لەو بارەوە دەرکردووە و کۆمسیۆنیش لەکاتی خۆی هەڵبژاردنی پەسەندکردووە".
 
سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ده‌شڵێ، "ڕیفراندۆم گرفتی نییە، گرفت لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانە، کە ھەر حزبێک بۆ خۆی رایدەکێشێت، بەڵام ڕیفراندۆم پرسێکی نەتەوەییە و ھیچ حزبێکیش لە کوردستان لەدژی ریفراندۆم نییە".
 
 کارزان سەباح هەورامی