Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی: پڕۆسەی ڕیفراندۆم بە هیچ شێوەیەك كاریگەری لەسەر شەڕی داعش نابێت

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا کرد و رایگەیاند، ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر یەكێكە لە ئەولەویاتی هەرێمی كوردستان و پڕۆسەی ڕیفراندۆمیش بە هیچ شێوەیەك كاریگەری لەسەر شەڕی داعش نابێت.

ڕۆژی پێنجشەممە 17ـی 8ـی 2017 لە سەلاحەددین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ (جۆزێف ڤۆتێڵ) فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە (دۆگڵاس سڵیمان) باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و جەنەڕاڵ (داونسێند) فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و (كین گرووس) كونسووڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكاری سەربازیی سوپای ئەمەریكا.
لە دیدارەكەدا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا  لە وتەیەكدا ڕۆشنایی خستە سەر پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە و گۆڕانی هاوكێشەكانی هێز و بە وردی ستراتیژی سەربازی و سیاسیی ئەمەریكای لەمەڕ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئاسیا لە قۆناغی ئێستا و داهاتوو بۆ (سەرۆك بارزانی) خستەڕوو.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا شەڕی دژی داعش لە عێراق و سووریا و تاوتوێ كرا و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا پێزانینی هەبوو بۆ ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە لە تێكشكاندنی داعش و ڕایگەیاند كە هاوپەیمانان بەو ئەنجامە گەییشتوون، ئەو سەركەوتنانەی كە لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی مووسڵ لە بەرانبەر داعشدا بەدەست هاتوون بە بێ هەماهەنگیی لەگەڵ پێشمەرگە و حكوومەتی هەرێم و نەدەهاتەدی. لە بەشێكی تری وتەكانیدا ئاماژەی بە سەردانی شاندی كوردستان بۆ بەغدا كرد و هیوای خواست كە گفتوگۆكان ئەنجامی هەبێت و خزمەتی سەقامگیری بكات و ئەو بابەتە جەوهەرییانەی لەنێوان عێراق و كوردستاندا هەیە لەڕێگەی دیالۆگی ئیجابی چارە بكرێت.

لە بەشێكی دیكەی ئەو دیدارەدا سەبارەت بە شەڕی تیرۆر (سەرۆك بارزانی) ئەوەی دووپات كردەوە كە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر یەكێكە لە ئەولەویاتی هەرێمی كوردستان و پڕۆسەی ڕیفراندۆمیش بە هیچ شێوەیەك كاریگەری لەسەر شەڕی داعش نابێت و كوردستان هەمیشە و بە هەموو هێزێكەوە ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و تێكشكاندنی تیرۆر و بۆ ئەو مەبەستەیش لەگەڵ هاوپەیمانان و حكوومەتی عێراقی لە هەماهەنگیی بەردەوامدا دەبێت. ئەوەیشی خستەڕوو كە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان تێگەییشتنی بۆ تێبینی و نیگەرانییەكانی ئەمەریكا هەیە، بەڵام لە هەمانكاتدا پێویستە ئەمەریكایش لە نیگەرانی و بڕیار و ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگات.