Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دواخستنی ڕیفراندۆم و بەدیلەكانی

 

زكری مووسا
ئەمەریكاییەكان وای بۆ دەچن، ڕیفراندۆم دوابخرێ باشترە. ئەوان وای بۆ دەچن لەم كاتەدا ڕەنگە ڕیفراندۆم گرفت بۆ شەڕی داعش دروست بكات و ،هەروەها كێشە لەنێوان هێزە عێراقییەكان و پێشمەرگەدا دروست ببێ، دەشڵێن ئێمە تووشی شۆك بووین چونكە ئاگاداری ئەو بابەتە نەبووین. ئەورووپاییەكانیش پاساوی هاوشێوەی ئەمەریكایان هەیە. ئێران هەموو هەوڵێك دەدا بۆ ئەوەی كۆسپ بۆ ئەم پڕۆسەیە دروست بكات. لایەنە سیاسییە عەرەبیە شیعەكانی عێراق لە دژی وەستاونەتەوە بۆ ڕیكلامی هەڵبژاردن و هاندانی شەقامی شیعە لە دژی كوردستان كەوتوونەتە كێبڕكێ.
بەڵام هیچ یەك لەمانە جورئەتیان بەخۆیان نەداوە بە ڕوونی دژایەتیی ئامانجی ڕیفراندۆم بكەن كە سەربەخۆییە. گرفتیان لەگەڵ ئامراز و تەوقیت هەیە كە ڕیفراندۆمەكەی بیستوپێنجی ئەیلوولی داهاتووە.
هۆكاری دەنگی نەیاری ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی لەناوخۆدا پتر دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی سیاسی. ئەوان نایانەوێ لەم پڕۆسەیەدا بارزانی و پارتی سەرقافڵە بن. ئەوە لە حاڵێكدایە كەسیش دەستی نەگرتوون كە ببن بە بەشێك لەم شانازییە گەورەیەی مێژووی گەلی كوردستان.
لۆژیكی سەرۆك بارزانی لە وەڵامدانەوەی داواكاری بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم زۆر بەهێزە. "ئەگەر كات گونجاو نییە ئەی كەی كات گونجاوە و بەدیل چییە؟"، هیچ یەك لە نەیارە دەرەكی و ناوخۆییەكانی ڕیفراندۆم، وەڵامی ئەو لۆژیكەی بارزانییان پێ نییە.
لە بنەڕەتدا ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی ڕێگەیە بۆ نەهێشتنی كێشەكان و ڕێگەگرتن لە شەڕ و دووبارەبوونەوەی ئەزموونە تاڵەكان. ڕێگەیەكە بۆ هاوكاریی ئابووری و ئەمنیی زیاتر و ڕووبەڕووبوونەوە و ڕیشەكێشكردنی تیرۆر و، گەییشتن بە ئاشتی و سەقامگیری.
لە كاتی ئێستادا سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان دەبێ هۆشیار بێ، پاساوەكان بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم لاوازن و نابێ یەك بست لە تەوقیتی ڕیفراندۆم پاشەكشە بكەن. هەر جۆرە پاشەكشەیەك زیانی گەورە لە دۆزی ڕەوای كوردستان دەدات، كە قەرەبۆ ناكرێتەوە.
پاشەكشە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم تەنیا كاتێك دەبێ ڕوو بدات، كە ئەلتەرناتیڤی بەهێزتر و گونجاوتر لە ڕیفراندۆم هەبێت بۆ گەییشتن بە سەربەخۆیی. هەر ئەلتەرناتیڤێك بخرێتەڕوو، دەبێ ئەلتەرناتیڤێك بێت كە باشتر لە ڕیفراندۆم خزمەتی سەربەخۆییی كوردستان بكات. ئەگەر بەدوای بەدیلێك بن كە لاوازتر بێ لە ڕیفراندۆم، ئەوا كوردستان دەگەڕێتەوە خاڵی سفر و دەكەوێتە هەڵوێستی لاوازی ستراتیژی و ئەوەی ئێستا هەیەتی لەدەستی دەدا لە سەرجەم بوارەكاندا.
ئەگەر سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بڕیاری ڕاگرتنی ڕیفراندۆم بدات و ئەلتەرناتیڤێكی تر پەسەند بكات بۆ سەربەخۆیی، ئەو ئەلتەرناتیڤە دەبێ هەڵگری دوو مەرجی سەرەكی بێت. یەكەم:
سەربەخۆییی كوردستان ڕەهەندێكی نێودەوڵەتی وەربگرێت و ببێتە ڕێكەوتنێكی نێودەوڵەتی بە بەشداریی نەتەوە یەكگرتووەكان و وڵاتانی زلهێز و كوردستان و دەوڵەتی عێراق. دووەم:
سەقفێكی زەمەنیی دیاریكراو هەبێت بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و، لەو ماوەیەدا عێراق و كوردستان لە ڕێگەی دانوستانه‌وه‌، بابەتی سنوور و جیۆگرافیا و نەوت و هاوكاریی ئابووری و ئەمنیی نێو خۆیان ڕێكبخەن.