Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"بەغدا باش ڕەوشی خۆی دەزانێت، دەنا ئامادە نەدەبوون پێشوازی لە شاندنی ریفراندۆم بکەن"

بەغدا-KDP.info- گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، شاندی هەرێمی كوردستان توانیویەتی پەیامی سەركردایەتیی سیاسیی كورد و پەیامی گەلی كوردستان بگەیەنێتە لایەنانەکانی عێراق و نییەتی ڕاست و دروستی كوردستان بگەیەنێتە لایەنەكان و باڵوێزەكان. هاوكات  (د. کاوان ئیسماعیل)، ڕاگری کۆلیژی یاسا و ڕامیاریی زانکۆی سەلاحەدین  دەڵێ، من وەک ئەکادیمییەک وای بۆ دەچم ھەڵوێستی ئەمڕۆی ھەندێ سەرکردەی عێراق و سەرانی شیعە چاوەڕانکراو بوو، چونکە کاتێک ئێمە دەڵێین، دانوستان ھەڵدەبژێڕین، ئەوان ناتوانن بڵێن شەڕتان لەگەڵ دەکەین.

شاندی كوردستان لەوەتەی ڕۆژی دووشەممە سەردانی بەغدای كردووە، هەر لەو ڕۆژەوە دەستی بە سەردان و گفتوگۆیكان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان و باڵوێزەكان کردووە و وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت: ''شاندەکە پەیامی خەڵكی كوردستانی گەیانووەتە هەمووی ئەوانە، پەیامەكەش ئەوەیە كە لە ماوەی دیاریكراودا کوردستان ڕیفراندۆم ئەنجام دەدات، ڕیفراندۆمیش بۆ سەربەخۆییی كوردستانە.''

(ڕێناس جانۆ)، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیاری كرد: ''هەتا ئێستا ئەو دانیشتن و كۆبوونەوانەی كە لە بەغدا لەگەڵ لایەنەكان و باڵوێزخانەكان بەڕێوە چوونە، بە شێوەیەكی زۆر باش بەڕێوە چوونە، لەگەڵ ئەوەش دەبێت ئێمە چاوەڕوانی ئەنجامێكی باش لە بەغدا نەكەین، بەتایبەت لایەنە سیاسییەكان لەبەر بەرژەوەندیی تایبەتی ناتوانن هەموو شتێك ئاشكرا بكەن، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی شاندی هەرێمی كوردستان توانیویەتی پەیامی سەركردایەتیی سیاسیی كورد و پەیامی گەلی كوردستان بگەیەنێتە ئەو  لایەنانە و نییەتی ڕاست و دروستی كوردستان بگەیەنێتە لایەنەكان و باڵوێزەكان، كە هەرێمی كوردستان لەو ماوەیەدا کە دیاری كراوە، ڕیفراندۆم ئەنجام دەدات و ڕای خەڵكی كوردستان لەسەر سەربەخۆییی كوردستان وەردەگرێت.''

(ڕێناس جانۆ) ڕوونیشی كردەوە: ''لە هەفتەی ڕابردوودا وەكو فراكسیۆنی پارتی چەندین جار لەگەڵ لایەنەكان و باڵوێزخانەكان كۆ بووینەوە، ئێمە چاوەڕوانی ئەنجامی سەردانی شاندی كوردستان بۆ بەغدا دەكەین، كە بڕیار وایە بەیانی لەگەڵ ئەوان دابنیشین و بۆشایی لە كام شوێن هەبێت، ئێمە لەوێ زیاتر كار دەكەین، پێمان باشە هەموو فراكسیۆنە كوردەكان لەو دانیشتنەدا بەشدار بن، چونكە ڕیفراندۆم بۆ حزب و لایەنێك نییە، بەڵكو بۆ هەموو خەڵكی كوردستانە.''


هەر سەبارەت بە سەردانی شاندی ڕیفراندۆم بۆ بەغدا و گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا، (د. کاوان ئیسماعیل)، ڕاگری کۆلیژی یاسا و ڕامیاریی زانکۆی سەلاحەدین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''کێشەی سەرەکیی ھەرێمی کوردستان بۆ پرسی ڕیفڕاندۆم لەگەڵ دەوڵەتی عێراقە، ڕاستە وڵاتانی دیکەش تا ڕاددەیەک پەیوەندیدارن بەو پرسەوە، بەڵام بە نمرە یەک لەگەل عێراق کێشەمان ھەیە، ھەرێمی کوردستان فۆڕمی دانوستانی ھەڵبژاردووە لەگەل لایەنە سیاسی و سەرکردەکانی عێراق، لە دانوستانیش ھەموو شتێک چاوەڕوان دەکرێت، ھەر لە توندترین ھەڵوێستەوە تا باشترین ھەڵوێست، گرینگ ئەوەیە لایەنە سیاسییەکانی عێراق، ئەوانەی لە نێو دەسەڵاتدان، ئەوانیش گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی عێراقێکی یەکگرتووی بەھێزی پێشتر نەماوە، ئەگەر عێراق ھەروەک پێش چەند ساڵێکیش بوایە ھەڵوێستێکی زۆر توندتریان دەبوو لە بەرامبەر بڕیاری ھەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییدا، عێراق باش ڕەوشی خۆی دەزانێت، دەنا ئامادە نەدەبوون پێشوازی لە شاندنی ھەرێمی کوردستان بکەن.''

لەبارەی کاتی بەڕێوەچوونی ڕیفڕاندۆمەوە، ڕاگری کۆلیژی یاسا و ڕامیاری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''ھەڵبژاردنی کات گرینگە بۆ ھەر پرسێکی سیاسی، بە بڕوای من دیاریکردنی ٢٥ی ئەیلوول بۆ ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم کاتێکی زۆر گونجاوە، بەڵگەش بۆ قسەکانم لێدوانی چەند ڕۆژی ڕابردووی سەرکردەکانی عێراقە لەبارەی ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان، ئەگەر ئەوان دەسەڵاتێکی ئەوتۆیان ھەبوایە، ھەڵوێستی زۆر توندیان دەبوو.''

چاودێران وای بۆ دەچن عێراقێکی یەکگرتووی بەھێز کۆتایی ھاتووە و پێشبینی دەکرێت دوای تەواوبوونی شەڕی داعش کێشەی زیاتر عێراق بگرێتەوە و بگاتە ئاستی شەڕی مەزھەبی، ھەروەک دکتۆر (کاوان ئێسماعیل) دەڵێت: ''ئێستا حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی (حەیدەر عەبادی) دەسەڵاتداری عێراق نییە، ئەوەندەی مەرجەعە ئایینییەکانی شیعە دەسەڵاتدارن، ئەوانیش لە نێو خۆیاندا جیاوازن، کەواتە ھەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ عێراقێکی یەکگرتووی بەھێزدا ناکات، بەڵکو زیاتر مامەڵە لەگەڵ ھێزە دەستڕۆیشتووەکانی عێراقدا دەکات، من وەک ئەکادیمییەک وای بۆ دەچم ھەڵوێستی ئەمڕۆی ھەندێ سەرکردەی عێراق و سەرانی شیعە چاوەڕانکراو بوو، چونکە کاتێک ئێمە دەڵێین، دانوستان ھەڵدەبژێڕین، ئەوان ناتوانن بڵێن شەڕتان لەگەڵ دەکەین.''

ڕابین شێروانی- قائید میرۆ