Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

خانەقین ڕیفراندۆمی پەسەند کرد

خانەقین-KDP.info-  ئەنجومەنی قەزای خانەقین و ناحیەکانی سەر بە ئەو قەزایە بڕیاری دا، خەڵکی ئەو ناوچانە بەشداری لە پرۆسەی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستاندا بکەن و داواشیان کرد بنکەی دەنگدان و سندووقی دەنگدان لەو ناوچانە بکرێتەوە.

لەگەڵ ئەوەی شاندی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان لە بەغدا سەرقاڵی تاوتوێکردنی پرسی ڕیفراندۆمن و پەیامی خەڵکی کوردستان سەبارەت بە دیاریکردنی چارەنووسیان دەدەنە کاربەدەستانی بەغدا، لە خانەقینیش ئەمڕۆ ڕیفراندۆم پەسەند کرا و بڕیاریان دا، بەشداری لەو پرۆسەیەدا بکەن.

ئەندامی ئەنجومەنی قەزای خانەقین، (رەفعەت ئاغاموراد) زانیاریی دا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان: ''ئەمڕۆ لە ئەنجومەنی قەزای خانەقین دەنگدان کرا، بۆ ئەوەی بەشداری لە ڕیفراندۆمدا بکەین، یان نا. کە بە کۆی ١٩ دەنگی ئەنجومەنی قەزاکە بڕیار درا، بەشداری لە پرۆسەی ڕیفراندۆمدا بکەین و داواشمان کرد ئۆفیس و سندووقی دەنگدان لەو ناوچانە بکرێتەوە، بە ناوچەی مەندەلیشەوە. لە پرۆسەی دەنگدانەکەدا نوێنەری عەرەب و تورکمان و سوننە و شیعە و کاکەیی و کوردی تێدابوو، ھەمووان بە بەڵێ دەنگیان دا.''

(رەفعەت ئاغاموراد) گوتیشی: ''لە مەندەلی دەنگدان بە ھەمان شێوە کراوە و لە کۆی ١٣ دەنگ، بە١٠ دەنگ بڕیاری بەشداریکردن لە پرۆسەی ڕیفراندۆمدا دراوە و، لە سەعدییە زۆرینە بە بەڵێ دەنگی داوە و، لە جەلەولاش لە کۆی ١٥ دەنگ ١٤ دەنگی بەڵێ هەبووە و لە جەبارە و قەرەتەپەش بە زۆرینە بە بەڵێ دەنگیان داوە، بۆیە ھەموو ناوچەکانی سنوورەکە لەگەڵ ئەوەدان، پرۆسەی ڕیفراندۆم لەو ناوچانە ئەنجام بدرێت.''

بڕیارە پرۆسەی ڕیفراندۆم لە ٢٥/٩ی ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەڕێوە بچێت، بۆ ئەو مەبەستەش ھەموو ئامادەکارییەک کراوە.

بڵند ئیبراھیم