Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە دهۆک شەش زانکۆ بە هاوبەشی کار بۆ ڕیفراندۆم دەکەن

دهۆک -KDP.info- سەرۆکی زانکۆی دھۆک دەڵێت، لە سنووری پارێزگای دھۆک شەش زانکۆ ھەیە, بڕیاریان داوە بە ھاوبەشی کار بکەن بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک بۆ بەشداربوونیان لە پرۆسەی ڕیفراندۆمدا، حەفتەی داھاتووش دەستبەکار دەبن.

(د. موسڵح دھۆکی)، سەرۆکی زانکۆی دھۆک بە ماڵپەڕری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە سنووری پارێزگای دھۆک شەش زانکۆ ھەیە، سێیان حکوومین و سێ زانکۆکەی دیکەش ئەھلین، بۆیە پێکەوە دانیشتووین و ڕێک کەوتووین، کە لیژنە دروست بکەین بۆ ئەوەی ھەماھەنگیمان ھەبێت بۆ هۆشیارکردنەوە و ھاندانی خەڵکی ئەو سنوورە بۆ بەشداریکردنیان لە پرۆسەی ڕیفراندۆمدا، چونکە ئەمە پرۆسەیەکی نەتەوەیییە و ئەرکی ئێمەیە وەکو ماموستایانی زانکۆ خەڵک هۆشیار بکەینەوە و تێیان بگەیەنین، چونکە خەڵکێکی زۆر ھەیە، وەکو پێویست زانیاریی لەبارەی ئەو پرۆسەیەوە نییە و بەھەڵە تێگەیەندراوە.''

(د. موسڵح دھۆکی) گوتیشی: ''ئێمە، ھەرشەش زانکۆکە، بەرنامەیەکی تایبەت بۆ خۆمان دیاری دەکەین و ھەفتەی داھاتوو دەست بە جموجووڵی خۆمان دەکەین، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەنجامدانی کۆڕ و سیمینارەوە خەڵکی سنووری پارێزگای دھۆک هۆشیار بکەینەوە، بەشداری لەو پرۆسەیەدا بکەن و بە (بەڵێ) دەنگی خۆیان بدەن.''

(دھۆکی) ڕوونیشی کردەوە: ''خەڵکێک بەھەڵە لەو پرۆسەیە گەیەندراوە، بۆیە ئەرکی ئێمەیە خەڵک هۆشیار بکەینەوە، ئەمە ئەرکێکی نەتەوەییە و بەوشێوەیە نییە کە ھەندێک کەس و لایەن باسی دەکەن، ئێمە ھەوڵی هۆشیارکردنەوەی خەڵک دەدەین.''

بڕیارە لە ٢٥/٩ی ئەمساڵدا پرۆسەی ڕیفراندۆم لە ھەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەڕێوە بچێت و ھەموو ئامادەکارییەکیش بۆ ئەو مەبەستە لە لایەن کۆمسیۆنەوە کراوە.

بڵند ئیبراھیم